ئەندامێکی لیژنەی دارایی: نرخی دۆلار بەرامبەر دینار زیاتر دادەبەزێت

  2023-12-26  | 
دۆسیە:  نرخی دۆلار
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی عێراق ڕایگەیاند، بانکی ناوەندی ساڵی داھاتوو نرخی دۆلار جێگیر دەكات و دەشڵێت، "نرخی ١٠٠ دۆلار بۆ خوار ١٤٥ هەزار دینار دادەبەزێت."

موعین کازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکرد، لەنێوان ئەمریکا و بانکی ناوەندی هەماهەنگی نوێ هەیە، بەمەبەستی جێگریکردنی نرخی دۆلار و دینار، لەم دواییانەدا ڕێوشوێنەکانی بانکی ناوەندی عێراق تایبەت بووە بە پرسی دۆلار و بەرزکردنەوەی بەهای دینار، بانکی ناوەندی لەپێناو دابەزینی بەهای دۆلار ڕێگای بە هاوردەکردنی دۆلاری کاش لەڕێگای فڕۆکەخانەکانی عێراقەوە داوە.

جەختی لەوەشکردووەتەوە، پێشبینی دەکەن بەهۆی بەردەوامی گرتنەبەری رێوشوێنەکانی حکومەتەوە لە سەرەتای ساڵەوە، نرخی ١٠٠ دۆلار بۆ کەمتر لە ١٤٥ هەزار دینار داببەزێت.

موعین کازمی دەڵێت، جگە لەوەی لەگەڵ ئەمریکا گەشتوون بە لێکتێگەیشتن، پێدەجێت لەوڵاتانی دیکەوە دۆلار بەپارەی ئەو وڵاتانە هاوردەی عێراق بکەن.

وتیشی، بەهۆی هاتنی ساڵی نوێوە بازرگانەکان دەوەستن لە داواکاری نوێ و تاوەکو دەستپێکی ساڵی نوێ پێداچوونەوە بە هەژمار و کۆکردنەوەی قەرزەکان دەکەن.

 


ڕیکلام