نرخی دۆلار لەبازاڕەکاندا دادەبەزێت

  2023-12-28  | 
دۆسیە:  نرخی دۆلار
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، پێویستە نرخی دۆلار دابەزینی زیاتر لەبەرامبەر دیناری عێراقیدا بەخۆوە ببینێت، بەتایبەتیش دوای دەستپێکردنەوەی خەرجکردنی بودجە بە شێوەیەکی فراوانتر.

ژیان:
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە ڕۆژنامەی سەباحی ڕاگەیاند، نرخی ئێستای دۆلار لە بازاڕەکاندا ڕاستەقینە نییە، چونکە پێویستیی بازاڕ نرخ دیاری دەکات، بەڵام لەبەرئەوەی تا ئێستا بەهۆی بەقاچاخبردن و هەندێک هۆکاری دیکەوە ئاستی ڕاستەقینەی پێویستیی بازاڕ بۆ دۆلار نەزانراوە، نرخەکەشی لە بازاڕدا هەڵبەز و دابەز دەکات.

دەشڵێت، پێویستە نرخی دۆلار دابەزینی زیاتر لەبەرامبەر دیناری عێراقیدا بەخۆوە ببینێت، بەتایبەتیش دوای دەستپێکردنەوەی خەرجکردنی بودجە بە شێوەیەکی فراوانتر.

جەمال کۆچەر ئاماژەی بەوەشکرد، جێبەجێکردنی سیستمی ئەلیکترۆنی بۆ مامەڵەکردن بە دۆلار، کە بڕیارە لە سەرەتای ساڵی نوێوە بکەوێتەکار، ببێتە هۆی بەرزکردنەوەی بەهای دینار.

ئەندامەکەی لیژنەی دارایی ئەوەشی خستەڕوو کە حکومەت بە هۆی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانەوە خەرجکردنی بودجەی ڕاگرتبوو بۆ ئەوەی حزب و کاندیدەکان بۆ بانگەشە بەکاری نەهێنن، داواشی لە حکومەتی فیدراڵی کرد دەستبکاتەوە بە خەرجکردنی بودجە، بەڵام بە شێوەیەکی فراوانتر بۆ ئەوەی بازاڕ و نرخی ئاڵوگۆری دراویش جێگیر ببنەوە.