کۆمەڵەی بانکە ئەهلییەکان: بەهۆی رێکارەکانی بانکی ناوەندییەوە نرخی دۆلار بەردەوام دەبێت لە دابەزین

  2023-12-29  | 
دۆسیە:  نرخی دۆلار
 تۆڕی هەواڵی ژیان
کۆمەڵەی بانکە ئەهلییەکانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، هەوڵەکانی بانکی ناوەندی کاریگەرییان لەسەر نرخی دۆلار دەبێت و نزمی دەکەنەوە، دەشڵێت: بانکی ناوەندی و حکومەتی عێراق ستراتیژییەکی نوێیان لە ئیدارەدانی سیاسەتی نەختینەیی جێبەجێکرد، ئەویش بەهۆی ناجێگیری نرخی دینار بەرامبەر دۆلار کە لە کۆتاییەکانی ساڵی 2022 سەریهەڵدا.

ئەمڕۆ هەینی، سەمیر نەسیری راوێژکاری کۆمەڵەی بانکە ئەهلییەکانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، ئامانج و ئەرکەکانی بانکی ناوەندی تیشک دەخەنە سەر چاکسازیکردن لە کەرتی دارایی و بانکی، بە تایبەتی لە گواستنەوەی ئابوری نەختینەیی بۆ ئابوری دیجیتاڵی، ئەویش لە رێگەی پەرەپێدان و بڵاوکردنەوەی ئامێرەکانی پارەدانی ئەلیکترۆنی.

ئەوەشی خستەڕوو، بانکی ناوەندی و حکومەتی عێراق ستراتیژییەکی نوێیان لە ئیدارەدانی سیاسەتی نەختینەیی جێبەجێکرد، ئەویش بەهۆی ناجێگیری نرخی دینار بەرامبەر دۆلار کە لە کۆتاییەکانی ساڵی 2022 سەریهەڵدا.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەوڵە ئیداری و دانوستانکارانەی بانکی ناوەندی بۆ ماوەی هەشت مانگ لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا و بانکی فیدڕاڵی بەردەوامبو بۆ رێکخستنەوەی کەرتی بانکی و نەختینەیی وڵاتەکە، هەروەها رێگە بە هاتنە ناوەوەی دراوی دیکە درا بۆ عێراق، وەک یوانی چینی و درهەمی ئیماراتی و روپیەی هیندی و یۆرۆ و لیرەی تورکی، ئەو رێککەوتنانەش بە شێوەیەکی سەرکەوتو ئەنجامدەدرێن و کاریگەرییان لەسەر دۆلار دەبێت و نرخەکەی نزمدەکەنەوە.
 

 

 

 

 
 


ڕیکلام