مەڵبەندی هەولێری یەكێتی ڕایدەگەیەنێت، باج خستنەسەر قسە و ناڕەزایی خەڵك پێشهاتێکی زۆر مەترسیدارە.
مەڵبەندی سێی هەولێر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت، دەستگیرکردن لەسەر قسەکردن و ناڕەزایی هاوڵاتیان، کردەوەیەکی زۆر مەترسیدارە و هەموو دەسەڵاتەکان دەخاتە ژێر پرسیاری زۆر قورسەوە.
ئاماژەشدەدات، "هەزاران کەس لەپێناوی رزگاری و ئازادیی هەرێمی کوردستان گیانی خۆیان بەختکردووە، بەڵام کارەساتێکی زۆر گەورەیە، کە ئێستا هاوڵاتییان نەتوانن، تەنانەت دڵی پڕ لە زوخاوی خۆشیان بەتاڵ بکەنەوە لەبەرامبەر ئەم هەموو باج و زەریبەیەی حکومەت بەسەر کۆمەڵانی خەڵك سەپاندوویەتی".
مەڵبەندی سێی یەكێتی داواشدەكات هێزە سیاسییەکان لەگەڵ هەموو کۆمەڵە و رێکخراو و سەندیکاکانی کرێکارانیش بێنە دەنگ لە دژی ئەم بەرتەسککردنەوەیەی ئازادیی رادەربڕین و دەڵێت، "ناکرێ هاوڵاتییەك قسەیەك بکات و ئاسایشیش دەستگیری بکات".
دوای ئەوەی خاوەن نانەواخانەیەک لە ھەولێر ناڕەزایی دژی گرانی نرخی غاز و ئارد و کارەبا دەربڕی، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ھەولێرەوە دەستگیرکرا.