نەجمەدین عەلی: چۆن قەرەبووی 4 مانگ زیاتری خوێندن دەکرێتەوە؟!

  2024-01-15  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بایکۆتی مامۆستایان لەسنوری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین و کۆیە سەد ڕۆژی تێپەڕاند، ڕاوێژکارێک لە وەزارەتی پەروەردەی هەرێم دەڵێت: ئەگەر من لەجێی حکومەتی هەرێم بوومایە هەموو شتێکم دەفەوتان نەمدەهێشت پڕۆسەی خوێندن بوەستێت،هەموو موڵک و ماڵی حکومەتم دەفرۆشت نەمدەهێشت پڕۆسەی خوێندن بوەستێت.

مامۆستا نەجمەدین عەلی، ڕاوێژکار لە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، من پێمخۆش بوو وەزارەتی پەروەردە و بەڕێوەبەرایەتییەکان دابخرانایە و ئەوان بهاتنایەتە سەرشەقام، چونکە ئەگەر ئەوان ڕۆژێک کار نەکەن دەتوانن ڕۆژێکی تر قەرەبووی کارەکانیان بکەنەوە، بەڵام مناڵی خەڵک لە 13ی مانگی نۆوە تا ئێستا چوار مانگ زیاتر چۆن قەرەبووی خوێندنییان دەکرێتەوە؟!
 
دەشڵێت، من کاتێک لەسەر داواکاری مامۆستایان قسەم لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە کردووە، بەڵام وەڵامی وەزارەت بەمجۆرە بووە، سبەی ئەوان ئەو داواکارییانە جێبجێ بکەن، بودجەی وەزارەتی پەروەردە بەرز دەبێتەوە، بەیانیش وەزارەتی تەندروستی داوا دەکات ، دوایش وەزارەتەکانی تر کە ئەمە لەتوانای حکومەتی هەرێم نیە، ناتوانین بچینە ژێرباری ئەو هەموو داواکاریانەوە.
 
ئاماژەبەوەشدەکات، مامۆستایان مافی خۆیانە کە ئەو داواکاریانەیان هەیە، من دەسەڵاتدار نیم، ئەگەر من لەجێی حکومەتی هەرێم بوومایە هەموو شتێکم دەفەوتان نەمدەهێشت پڕۆسەی خوێندن بوەستێت،هەموو موڵک و ماڵی حکومەتم دەفرۆشت نەمدەهێشت پڕۆسەی خوێندن بوەستێت.
 
مامۆستا نەجمەدین عەلی دەشڵێت، ڕاشکاوانە قسە بکەین کێشەی نەبوونی موچەی مامۆستایان هی ئەمساڵ نیە بڵێین ئەم سێ\چوار مانگە موچە نەبووە مامۆستایان بۆ ئەم سێ \چوار مانگە بایکۆتییان کردووە، دڵنیام ئەگەر هەر ئەم سێ \چوار مانگە بووایە مامۆستایان چاوپۆشییان دەکرد.


ڕیکلام