دادگای بەریتانیا کێشەی بوکی داعشی یەکلایی کردەوە

  2020-07-16  | 
شەمیمە بۆگۆم ناسراو بە بوکی داعش
دۆسیە:  جیهان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دادگای بەریتانیا چارەنووسی ئەو كچە گەنجەی یەكلایی كردەوە، کە بە "بوكی داعش" ناسراوە و لە ساڵی 2015دا پەیوەندی كردووە بە ڕیزەكانی داعشەوە لە سوریا .

ماڵپەری سكای نیوزی بەریتانی بڵاویكردەوە، شەمیمە بۆگۆم، كە یەكێكە لەو سێ خوێندكارە گەنجانەی لە ساڵی 2015دا لەندەنیان بەرە و سوریا جێهێشت، بەڵام لە ئێستاشدا دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ بەریتانیا .

ئەو دادوەرانەی كە حوكمەكەیان دەركردووە ڕوونیان كردووەتەوە، بوكی داعش دەتوانێت بگەڕێتەوە و تانە بدات لە بڕیاری لێسەندنەوەی ڕەگەزنامەی بەریتانی، وەك هەموو ئەو كەسانەی كە پەیوەندیان كردبوو بە گروپە توندڕەوەكانەوە لە ناوچە ئاڵۆزەكان .

شەمیمە تەمەنی 20 ساڵە و لە مانگی شوباتی 2015 چووەتە سوریا و ماوەی سێ ساڵ لەژێر دەسەڵاتی داعش ژیاوە، دواتر ساڵی رابردوو لە یەكێك لە كامپەكان دۆزراوەتەوە و دەركەوتووە دووگیانە .

ئەو كات ساجید جاوید وەزیری ناوخۆیی بەریتانیا بڕیاریدا بە لێسەندنەوەی ڕەگەزنامەی بەریتانی و هۆكارەكەشی بۆ ئاسایشی نەتەوەیی بەریتانیا گێرایەوە .

شەمیمە لە دیدارێكدا لەگەڵ سكای نیوز ڕایگەیاندووە، ئەو ماوەی چوار ساڵە لەژێر دەستی داعش وەك خزمەتكار كاری كردووە .

بە وتەی خۆی دوای سێ هەفتە لە گەیشتنی بە پارێزگای ڕەقەی پایتەخی داعش، هاوسەرگیری لەگەڵ لاوێكی چەكداری داعشی بە ڕەگەز هۆڵەندی كردووە .

ئاماژەی بەوەشكردووە، لە ساڵی 2017 لەگەڵ هاوسەرو دوومنداڵەكەی شاری ڕەقەیان جێهێشتووە، یەكێك لە منداڵەكانی كچ بووە تەمەنی یەك ساڵ بووە، منداڵێكی دیكەی شیرەخۆرە كە تەمەنی سێ مانگ بووە، بەڵام دواتر هەردووكیان مردوون .

سەبارەت بە منداڵی سێهەمی كە كوڕ بووە و ناوی جەراح بووە، ساڵی رابردوو دوای لە دایكبوونی بە ماوەیەكی كەم مردووە .

لە ئیًستاشدا بوكی داعش ململانێیەتی لە دادگا لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆیی بەریتانیا و ئاماژە بەوە دەكات، لێسەندنەوەی ڕەگەزنامەكەی وایلێكردووە ببێتە مرۆفێك پەیوەندی بە هیچ وڵاتێكەوە نەبێت، ئەوەش بە قسەی خۆی ڕوبەڕوی مردنێكی ڕاستەقینە یاخود مامەڵەیەكی زۆر نامرۆیی دەكاتەوە .

بە گوێرەی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، لێسەندنەوەی ڕەگەزنامە لە شەمیمە بەشێوەیەكی یاسایی بووە، كاتێك وەزارەتی ناوخۆ بڕیارەكەی داوە، ناوبراو خاوەنی ڕەگەزنامەی بەنگلادشی بووە .

هەرچەندە پێشتر داخوازی گەڕانەوەی بۆ بەریتانیا ببووە ململانێیەكی یاسایی، بەڵام دواتر دادگای پێداچوونەوە كێشەكەی یەكلاییكردەوە و ڕایگەیاند، تاكە ڕێگە بۆ ئەوەی داوای پێداچوونەوەی بڕیارەكە بكات گەڕانەوەیەتی بۆ بەریتانیا .

دادوەرانی دادگاكە دەڵێن لەبەرچاوگرتنی دادپەروەریی و بەزەیی پێداهاتنەوە دەبێتە هاوتەریب بێت لەگەڵ مەترسییەكانی پەیوەست بە ئاسایشی نیشتیمانی ، بۆیە پێویستە مۆڵەتی گەڕانەوەی پێ بدرێت .

بەڵام مەترسییەكانی تایبەت بە ئاسایشی نیشیتمانی ، دادوەرەكان پێیان وایە دەكرێت لەڕێگەی چاودێریكردنەوە فەراهەم بكرێت، ئەگەرهاتوو گەڕایەوە بەریتانیا، بە لەبەرچاوگرتنی دەستگیركردن و دادگایی كردنیشی .



ڕیکلام