داوا لە کازمی دەکرێت خاڵە سنورییەکانی هەرێم کۆنتڕۆڵبکات

  2020-07-16  | 
بەغدا
غالب محەمەد و سەرکەوت شەمسەدین پەرلەمانتارانی کورد لە پەرلەمانی عێراق
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دوو پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی عێراق پشتیوانی لە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران دەکەن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی خاڵە سنورییەکان و داوای لێدەکەن هاوشێوەی خاڵە سنورییەکانی عێراق، خاڵە سنورییەکانی هەرێمی کوردستانیش کۆنتڕۆڵ بکات.

غالب محەمەد و سەرکەوت شەمسەدین لە نامەیەکی کراوەدا بۆ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایانگەیاندووە، ئێمە پشتیوانی تەواوی هەوڵەکانی بەرێزتان دەکەین بۆ کۆنترۆڵکردنی دەروزە سنورییەکان لە تەواوی عێراق.

دەشڵێن، هیوادارین ئەم هەنگاوانە هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە و لەرووی ئیدارییەوە بەتەنسیق بێت لە گەڵ حكومەتی هەرێم و بەتایبەتی حكومەتی خۆجێییەكانی پارێزگاكان، بەڵام چاودێریكردنی داهاتی مەرزەكان لە لایەن چاودێری دارایی عیراقەوە چاودێری بكرێت.

روونیشیانکردووەتەوە، وەك چۆن لە پارێزگاكانی عیراق (٥٠) % بۆ پارێزگاكە سەرف دەكرێت، لە هەرێمی كوردستانیش ئەو رێژەیە بۆ خودی پارێزگاكە بێت، چونكە نادادپەروەرییەكی زۆری تێدایە لە دابەشكردنی ئەو داهاتە.

ئەو دوو پەرلەمانتارە کوردە داوا لە سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەن، لە كاتی هەر رێكکەوتنێك لە گەڵ هەرێمی كوردستان، ڕەچاوی رێژەی پارێزگاكان بكەن كە بۆ پارێزگا سەرف بكرێت نەك بدرێت بە هەرێم و هەرێمیش بەشێوەیەكی ناداپەروەرانە دابەشی بكات.

راشیانگەیاندووە، لە کوردستانیش هاشێوەی ناوچەکانی تری عێراق، جگە لە کۆنترۆڵی کۆمپانیا حزبییەکان بەسەر دەروازە فەرمییەکاندا، بە دەیان دەروازەی نافەرمی هەیە کە بەتەواوی چەکدار و کۆمپانیای حزبی دەستیبەسەرداگرتووە و بۆتە مەترسییەکی گەورە لەسەر بازار و دۆخی ئابوری و تەندروستی کوردستان عێراق .

غالب محەمەد و سەرکەوت شەمسەدین لە نامەکەیاندا دەڵێن، بۆ نمونە لە سنوری پارێزگای دهۆک لەگەڵ سوریا، کۆمپانیایەکی حزبی، ئیدارەی خاڵێکی سنوری دەکات بەناوی (وەلید)، هەروەها لە سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە چەندین خاڵی سنوری نارێکخراو هەن کە کۆمپانیا حزبییەکان هەیمەنەیان هەیە بەسەریانەوە و رۆژانە سەرانە لە بازرگان و هاوڵاتیان وەردەگرن، ئەمە سەرەڕای هێنانی کەلوپەلی قاچاغ بۆ ناو بازارەکانی عێراق بەدور لەهەموو پێوەرە تەندروستی و بازرگانییەکان .

لە کۆتایی نامەکەیاندا بۆ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، غالب محەمەد و سەرکەوت شەمسەدین رایانگەیاندووە، هەوڵەکانتان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دەروازە سنورییەکان لە ناوچەکانی تری عێراق ئەنجامی ئەوتۆی نابێت، بەبێ کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان و دورخستنەوەی دەستی حزب و کۆمپانیاکان لێیان .

چەند رۆژ پێش ئێستا مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاریدا چاکسازی لە دەروازە سنورییەکاندا بکات و رایگەیاند، یەکێک لە رێگەکانی بەهەدەردانی دارایی  کۆنترۆڵنەکردنی دەروازە وشکانییەکانە، بە هەدەردانەکان بە ملیاران دۆلار دەخەملێنرێن. وتیشی، هۆکارەکەیان ئەوەیە هەندێک گرووپی دەرەوەی یاسا و هەندێک گرووپی دیکە بۆ ئامانجی دیاریکراو دەیانەوێت کۆنترۆڵی دەروازەکان بکەن بۆ ئەوەی دەست بەسەر پارەدا بگرن.



ڕیکلام