عەلی عەلاق: وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بانکەکانی عێراقی نەداوە

  2024-02-01  | 
دۆسیە:  نرخی دۆلار
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای هیچ بانکێکی عێراقی نەداوە و ڕێساکانی ئێمەشی بە گونجاو زانیوە بۆ بانکەکان.

عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاندووە، ئەوەی باسی لێوە دەکرێت کە گوایە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای ژمارەیەک بانکی عێراقی داوە نادروستە و ئەوەی هەیە تەنها بانکی هودا و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بانکەکەیە کە سزادراوە.

 تەئکیدی لەوەشکردووەتەوە، گەنجینەی ئەمریکا رێساکانی بانکی ناوەندی بۆ بانکەکان بە گونجاو زانیووە، کە مەرج و ستانداردەکانی گواستنەوەی دەرەکی و کردنەوەی هەژماری لە بانکە بیانییە باوەڕپێکراوەکانی نێودەوڵەتی لەخۆگرتبوو.

ئاماژەی بەوەشکردووە، جیاوازییەکی گەورە هەیە لەنێوان دانانی بانکێک لە لیستی سزاکان لەلایەن فەرمانگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی دەرەکی و راگرتنی بانکێک لە مامەڵەکردن بە دۆلار، چونکە بانکەکان دەتوانن هەڵوێست و پابەندبوونەکانیان راست بکەنەوە کە پێویستە بۆ چوونە ناو مامەڵە دەرەکیەکانیان بە شێوەیەک کە سەلامەتی سیستەمی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لە مەترسییەکان بپارێزێت.

ئەوەشی روونکردەوە، بانکی ناوەندی لە چوارچێوەی رێکخستنی گواستنەوەی دەرەکی بۆ بانکەکان گەیشتووەتە قۆناغە کۆتاییەکان و ئەو بانکانەی پابەند نین بە رێکارە ئاساییەکانی بانکی ناوەندی، بێبەش دەبن لە بەدەستھێنانی دۆلار تا ئەو کاتەی پابەندنی ستانداردەکان دەبن، دوای ئەوە دەگەڕێندرێنەوە، جگە لەوەش، ئەم بانکانە هیچ بڕیارێک نییە بۆ وەستاندنی کارەکانیان یاخود بخرێنە لیستی سزاکان، بەڵکو رێگەیان لێ دەگیرێت دۆلار بەدەستبهێنن تا ئەو کاتەی کە مەرجەکانی سەلامەتی کارەکانی گواستنەوەی دەرەکی جێبەجێ دەکرێن.


ڕیکلام