وەفدی باڵای سەرۆکایەتی هەرێم لەگەڵ لێپرسراوانی ئەمریکا کۆبوونەوە و پرسی هەناردەکردنی نەوت و هەڵبژاردنی پەرلەمانیان تاوتوێکرد.
بەپێی راگەیەنراوێکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، وەفدی هەرێم لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمریکی لە کۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی بەرگری(پێنتاگۆن)کۆبونەتەوە، بۆ گۆڕینەوەی بیروڕا دەربارەی دوا پەرەسەندنەکان و برەودان بە پەیوەندییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ستراتیژیی عێراق و ئەمریکا.
لە بەشێکی تری راگەیەنراوەکەدا هاتووە، لە کۆبوونەوەکاندا پرسی وزە و گرنگیی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان و پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغداد و رەوشی پێکهاتەکان و ئازادیی ڕادەربڕین و مافەکانی مرۆڤ، جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شەنگال و پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و یەکخستنەوەی پێشمەرگە، گفتوگۆیان لەبارەیەوە کرا.