وەزیری نەوتی عێراق: بۆ ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم نزیکین لە رێککەوتن

  2024-02-12  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان نزیکین لە رێککەوتن.

حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق راگەیاند، بەرەوپێشچوونی باش لە گفتوگۆکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت کە لە ھەرێم کاردەکەن بەدیھاتووە، دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتیش، بەندە بە دەستپێکردنەوەی بەرھەمھێنان لە کێڵگە نەوتییەکانی ھەرێم.

جەختی لەوەشکردوەتەوە، گفتوگۆکان لەگەڵ ئەو کۆمپانیا نەوتییانەی کارەکانیان لە ھەرێم راگیراوە، بە ئاڕاستەیەکی باش دەڕوات، بەمنزیکانە لەبارەی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم دەگەنە رێککەوتن.

لە رۆژی 25ی  ئاداری ساڵی رابردوو هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان راگیرا، ئەوەش دوای ئەوەی ژوری ناوبژیوانی نێودەوڵەتی هەناردەی نەوتی هەرێمی لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە بە نایاسایی ناساند.




ڕیکلام