قەحتان وەنداوی جێگری سەرۆکی لقی کەرکوکی بەرەی تورکمانیی عێراق ڕایگەیاند، تورکمان پێشنیازیکردوە ئیدارەدانی پارێزگای کەرکوک بەشێوەی خولیی لەنێوان سێ پێکهاتە سەرەکییەکەی پارێزگاکە (کوردو عەرەبو تورکمان) بێت، بەڵام کورد ئەو پێشنیازەیان ڕەتکردۆتەوەو ئاستەنگیان بۆ یەکلاییکردنەوەی پۆستە جێبەجێکارییەکان دروستکردوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، لایەنی کوردی هەموو ڕێککەوتنێکی عەرەبی-تورکمانی بۆ کاندیدکردنی کەسایەتییەکی عەرەبی بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک ڕەتدەکەنەوە، دانوستانەکانیان لەبارەی پێشنیازێکەوە بەردەوامن کە بەگوێرەی ئەوە بۆ ماوەی دوو ساڵی یەکەم پۆستی پارێزگار لای کەسایەتییەکی عەرەب بێتو دواتر پۆستەکە ڕادەستی تورکمانێک بکرێت.
لەماوەی ڕابردودا بەرەی تورکمانی عێراقی پێشنیازیکردبوو کە پۆستی پارێزگاری کەرکوک لەنێوان پێکھاتەکانی پارێزگاکەدا بەشێوەی خولیی بەڕێوەببرێت، بەشێوەیەک پۆستەکە بۆ ماوەی (١٦) مانگ بەدەست ھەر پێکهاتەیەکەوە بێت.
بەرەی تورکمانی جەختی لەوەکردبۆوە، دەبێت هەر پێکهێنانێکی ئیدارەی خۆجێیی کەرکوک بەدابەشکردنی پۆستی پارێزگار بۆ ماوەی ١٦ مانگ بەسەر هەر پێکهاتەیەکی کەرکوکدا ئەنجامبدرێت، ئەمەش لەبەرئەوەی مەحاڵە هیچ حکومەتێک بەکۆدەنگیو سازان لەنێوان دوو لایەن پێکبهێنرێت.