ئەندامێکی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت، لە ماوەی ١٠ رۆژی داهاتوودا هەمواری یاسای بودجە دەگاتە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ تاوتوێکردنی و پەسەندکردنی.
موعین کازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی ڕایگەیاند، لە ماوەی ١٠ رۆژی داهاتوودا هەمواری یاسای بودجە دەگاتە ئەنجومەنی نوێنەران و لەگەڵ گەیشتنیشی لیژنەکەیان وردبینی بۆ بڕگە و ماددە هەموارکراوەکان دەکات و دواتر دەخرێتە دەنگدانەوە بۆ پەسەندکردنی.
ئەوەشی خستەڕوو، لەئێستادا حکومەتی فیدراڵ سەرقاڵی دوایین رێککارە هونەرییەکانە بۆ ئامادەکردنی هەمواری یاسای بودجە، کە تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت و شایستە داراییەکانی چاودێری کۆمەڵایەتی و چەند بابەتێکی دیکەی لەخۆگرتووە.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران وتیشی، لیژنەکەیان لەگەڵ تەیف سامی وەزیری دارایی کۆبوونەتەوە، بۆ دیاریکردنی خشتەیەک بۆ جێبەجێکردنی یاسای بودجە بۆ ئەمساڵ و تێپەڕاندنی ئەو بەربەستانەی کە لەبەردەم یاساکەدان.