بەهۆی دروستبوونی لافاو و کۆبونەوەی باراناوێکی زۆر شەوی ڕابردوو لە سنوری شارۆچکەی پیرەمەگرون، زیاتر لە 10 ماڵ ئاوی تێچوو، کۆگایەکی هەڵگرتنی شتومەکی پاککەرەوە و خواردنیش زیانی زۆری بەرکەوت.
قائیمقامیەتی قەزای دوکان رایگهیاند، هەمان کات تیمەکانی فریاگوزاری و بەرگری شارستانی وهێزە ئەمنییەکان و کارمەندانی شارەوانی لەهەوڵی پاککردنەوەی ئاوەڕۆ و ئەو جێگەیانە بوون تا مەترسی زیاتری لافاو کەم بکەنەوە ، وە بەدەم ئەو هاوڵاتیانەوە دەچوون کە ئاوی باراناو ڕووی لە ماڵەکانیان کردبوو یان مەترسیان لەسەر بوو.
ئاماژەی بەوەشکرووە، بەهۆی دروست بوونی لافاو زیانی زۆر بەر ڕێگەوبانەکانی سنورەکە کەوت و بەجۆرێک 3 پرد ڕوخان و لەچەندین جێگەشەوە بەتایبەت ڕێگەوبانی گوندەکانی سنورەکە زیانیان بەرکەوت، بەجۆرێک هەریەک لە پردی زەرزی لەناوچەی چەمی ڕێزان ئاوبردی و هاتوچۆی گوندی عەوەڵان و سەیرانگای چەمی ڕێزان بەتەواوی وەستاوە.
هاوکات ڕێگەی گوندی شیلەخان لەنزیک پردی ڕێگەکە ئاو بردویەتی و گرفتی هاتوچۆی لێکەوتەوە ، وە هەر بەهۆی دروست بوونی لافاو پردێکی تر لە ڕێگەی گوندەکانی تەڕەمار و قازان و کانی چنار ڕووخا . لەچەندین ناوچەی تریش بەشێوازی جۆراوجۆر ئاستەنگی هاتوچۆی تیادا دروست بوو .
لای خۆیەوە سەرۆک شارەوانی پیرەمەگرون ئاماژەی بەوەدا بەشێوەیەکی مەیدانی سەردانی ئەو ماڵانەیان کردوەو ئەمڕۆش لەگەڵ لیژنەی ئاوەدان کردنەوە سەردانی ئەو پردە ڕوخاوانەیان کردوەو هەوڵیان داوە لەچەند شوێنێک لە ڕێگەی لاوەکییەوە گرفتی هاتوچۆ نەهێڵن تا چارەسەری کۆتاییان بۆ دەکرێت.
سیروان سهرحهد، قائیمقامی قەزای دوکانیش ڕایگەیاند، هەماهەنگی پێویستیان هەبووەو دەست خۆشی لە لیژنەی فریاگوزاری و شارەوانی و هێزە ئەمنییەکان کرد بۆ دەمەوەچوونی هاوڵاتیان و کەمکردنەوەی زیانەکان وە وتیشی هەوڵ ئەدەن لە نزیکترین كاتدا لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی رێگاوبان وئاوەدان کردنەوەوە ئەو پردانە چاک بکەنەوە کەبەهۆی لافاوەکەوە ڕوخاون و سەرلەنوێ دروست بکرێنەوە لەپێناو ئاساییکردنەوەو کردنەوەی ڕێگەی هاتوچۆ بە ڕووی شۆفێران و گوندنشینانی سنورەکەدا.