وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئامادەیی خۆی پیشانداوە بۆئەوەی لەمساڵدا سەرژمێری گشتیی دانیشتوانو نیشتەجێبون ئەنجامبدات.
لەڕاگەیەندراوێکی وەزارەتەکەدا هاتوە، محەمەد عەلی تەمیم وەزیری پلاندانان، سەرۆکایەتیی دوەم کۆبونەوەی لیژنەی ڕای وەزارەتەکەی بۆ ئەمساڵ کرد کە تەرخانکرابوو بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئامادەکارییە بەردەوامەکان بۆ جێبەجێکردنی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوانو نیشتەجێبوون کە بڕیارە مانگی 11ی داهاتوو ئەنجامبدرێت.
بەگوێرەی بەیاننامەکە، وەزیری پلاندانان جەختی لەسەر فاکتەری کات کردۆتەوە، لەگەڵ چەندین پێداویستیو قۆناغ کە دەبێت تەواوبکرێنو بەئەنجام بگەیەنرێن.
ئاماژەی بەوەشکرد ، بابەتەکە تەحەددایەکی گەورەیە، کە پێویستی بەماندوبونی ئەوپەڕی هەوڵ هەیە بۆ ئەوەی پێشبڕکێ لەگەڵ کاتدا بکرێت تاوەکو هەموو ئامادەکارییەکان لەچوارچێوەی خشتەی کاتیی خۆیاندا تەواوبکرێن.
لەبەشێکی تری بەیاننامەکەدا جەخت لەگرنگی چارەسەرکردنی پرسی دابینکردنی "تابلێت" کراوەتەوە کە بەکاردەهێنرێت بۆ ئەنجامدانی سەرژمێریی بەشێوەی ئەلیکترۆنیو ئەو ئامێرانەش کارایی پێویستیان هەبێت کە مەرجەکانی کارێکی گەورەی وەک ئەنجامدانی سەرژمێری دانیشتوان جێبەجێبکەن".
هەروەک وتویەتی؛ لەئێستا کارکردن بۆ تەواوکردنی ڕێنمایی جوگرافیی بۆ یەکە ئیدارییەکان بەردەوامە، کە ژمارەیان (431) یەکەی کارگێڕییە لەسەرتاسەری عێراقدا.