سەعدی پیرە: پێشنیارمان کردوە و یەکێتیی لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنە

  2024-02-18  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەگەری هەیە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ئەمساڵدا ئەنجام نەدرێت و وتەبێژی یەکێتیش دەڵێت: پێشنیارمان کردوە ١٩ی ئایار پرۆسەکە ئەنجام بدرێت و وەکو یەکێتی لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنداین.



سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایگەیاند: چاوەڕوانی بڕیاری دادگای فیدراڵی دەکەین لەسەر ئەو سکاڵایەی تۆمارکراوە، دادگا هەرچی بڕیارێک بدات رێزی لێدەگرن، وتیشی: پێشنیارێک کراوە لە ١٩ی ئایاردا هەڵبژاردنی پەرلەمان ئەنجام بدرێت یەکێتیی لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنە.

ئەمڕۆ جارێکی تر دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دانیشتنی دادبینی هەیە لەبارەی ئەو سکاڵایەی کە یەکێتیی لەبارەی (٥) ماددەی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان تۆماریکردووە، پیشبینی دەکرێت ئەمڕۆ دادگا وادەی راگەیاندنی حوکمی خۆی لەبارەی سکاڵاکەوە دیاری بکات.

ئەم سکاڵایە لەبەردەم دادگادایەو یەکلانەبووەتەوە، بەهۆیەوە بۆ جاری سێیەم بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دواکەوت، دواکەوتنی زیاتری دەرچوونی حوکمی دادگا لەسەر ئەم سکاڵایە رەنگە بۆجاری چوارەم هەڵبژاردن دوابخات، بەشێوەیەک نەتوانریت پرۆسەکە لەمساڵدا ئەنجام بدرێت.

 دواکەوتنی زیاتری بڕیاری دادگای فیدراڵی و ئەگەری دەستکاریکردنی ریشەیی یاسای هەڵبژاردن لە کاتێکدایە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم بەمدواییە هەوڵێکی دەستپێکردووە بۆ دۆزینەوەی دەرەچەیەکی یاسایی، کە بەهۆیەوە هەرێمی کوردستان بتوانێت بە بێ کۆمسیۆنەکەی بەغداد هەڵبژاردنی خۆی بەڕێوەببات، بۆ ئەو مەبەستەش لە چەند رۆژی رابردوودا نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.


ڕیکلام