کونسوڵی فلیپین لە هەرێم رایگەیاند: دوای ڕووداوەکەی ماڵی پێشڕەو دزەیی پشکنین بۆ پارچەکانی جەستەی میشێل کراو ئەمڕۆ دەرکەوت ئەو پارچانە جەستەی مێشێل بووە وگیانی لەدەستداوە.
فەلاح کەڵهوڕی کونسوڵی فەخری فلیپین لەهەرێم رایگەیاند: ئەنجامی پشکنینی ئەو پارچانە دەرچووە کە لەژێر داروپەردووی ماڵی پێشڕەو دزەیی دۆزرانەوە و دەرکەوتووە، بەشێکن لە پارچەی جەستەی میشێل ئەو ئافرەتە فلیپنییەی وەک دایەنی کچە بچووکەکەی پێشڕەو دزەیی کاریدەکرد.
لە ناوەڕاستی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ ماڵی پێشڕەو دزەیی سەرمایەداری کورد بۆردومانکرا و جگە لە خۆی کچە تەمەن ١١ مانگانەکەی و کارگوزارێک و سەرمایەدارێکی عێراقی گیانیان لەدەستدا.
لەدوای چەند رۆژێک لە گەڕان و پشکنین نەتوانرا چارەنووسی میشێل ئاشکرابکرێت، تا ئەو کاتەی کوڕەکەی لە فلیپینەوە هاتە هەرێم و پشکنینی DNA بۆ ئەنجامدرا و بەراوردکرا بەو چەند پارچە جەستەیەی دۆزرابوونەوە.