بافڵ جەلال تاڵەبانی: دەبوو کیمیابارانکردنی هەڵەبجە ببووایە بە وانەیەکی مێژوویی بۆ ئێمەی کورد

  2024-03-16  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە ٣٦مین ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا ڕایدەگەیەنێت: دەبوو ئەو کارەساتەی بەسەر هەڵەبجەدا هات ببوایە بە وانەیەکی مێژوویی بۆ ئێمەی کورد و هەوڵی بونیادنانی داهاتوویەکی گەشترمان بدایە.

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە ٣٦مین ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا پەیامێک بڵاودەکاتەوە ڕایدەگەیەنێت:بەداخەوە ئەمڕۆ کە یادی ئەو تاوانە گەورەیە دەکەینەوە، گلەییەکان زۆرن و خزمەتگوزارییەکان کەمن، جیاکاریی لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریدا دەکرێت و ئەوەی پێشکەشی هەڵەبجە و هەڵەبجەییە سەربەرزەکان دەکرێت تەنیا لە چوارچێوەی درووشم و بەڵێنی بێکرداردا ماوەتەوە، لەکاتێکدا دەبوو ئەو کارەساتەی بەسەر ئەو شارەدا هات، وانەیەکی مێژوویی و پەندێکی گەورە بووایە بۆ ئێمەی کورد و هەمووان پێکەوە بە رۆحێکی نیشتمانی و بەرپرسیارانەوە کارمان بۆ گەڕاندنەوەی هیوا و بونیادنانی داهاتوویەکی گەشتر و سەقامگیرتر بکردایە.

ئاماژە بەوەشدەکات، دەبێت لای هەمووان روون بێت ئەوەی خەڵکی هەڵەبجە و هەموو کوردستان پێویستیانە، بیرکردنەوەی تەسکی حزبی و هەوڵدان بۆ بەرژەوەندیی تایبەت نییە، بەڵکو خزمەتکردن و بەدەنگەوەچوونی داواکارییە رەواکانە. 

جەختی کردەوە، دەبێت بەرپرسیارێتی بەرامبەر خاک و نیشتمان، جێگەی بیری جیاکاری بگرێتەوە و خزمەتگوزارییەکان بۆ هەمووان بێت، کوردستان پێویستی بە یەکڕیزی و یەکگرتووییە نەک ترازان و دوورکەوتنەوە، دەبێت جیاوازییەکان بخەینە خزمەت بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و لەبیرمان بێت وەک کورد یەک چارەنووسمان هەیە، ئەمڕۆ و هەموو رۆژەکانی ژیانمان شەهیدانی جینۆسایدی هەڵەبجە و خۆڕاگریی کەسوکاری سەربەرزیانمان لەیادە و سەری رێز و نەوازشیان بۆ دادەنەوێنین.


ڕیکلام