کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان “ئەپیکور” ئاشکرایکرد، زیانەکانی عێراق لەڕاگرتنی نەوتی هەرێم، گەیشتوەتە ١١ ملیار دۆلارو ملیارێک دۆلاریش قەرزیان لای حکومەتی هەرێمی کوردستانە.
سبەینێ دوشەممە، ساڵێک بەسەر ڕاگرتنی ھەناردەکردنی نەوتی هەرێم تێپەڕدەبێت، ئەویش دوای ئەوەی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس سکاڵایەکی لەبەرژەوەندی حکومەتی عێراق یەکلاکردەوە کە لەسەر هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لەڕێگەی تورکیاوە تۆماریکردبوو، لەو ڕوەشەوە کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان “ئەپیکور” دەربارەی زیانەکانی داخستنی بۆری نەوتی عێراق-جەیهان کە نەوتی هەرێمی پێدا دەگوزرایەوە ڕایگەیاند، "نزیکەی ١١ ملیار دۆلار زیان بەداهاتی عێراق کەوتوە".
ڕونیشیکردەوە، عێراق بەهۆی ئەوەی ڕێککەوتنی بەکارهێنانی بۆری نەوتی جەیهانی جێبەجێنەکردوە، ڕۆژانە ٨٠٠ هەزار دۆلار سزادەدرێت.
ئەپیکور ئەوەشیخستەڕوو، کۆمپانیاکانیان بڕی ملیارێک دۆلار قەرزی لای حکومەتی هەرێمەو لەئەیلولی ٢٠٢٢ تا ئاداری ٢٠٢٣، زیاتر لە ٤٠٠ ملیۆن دۆلار وەبەرهێنانی کۆمپانیاکانی ئەندام لەئەپیکور ڕاوەستاوەو داهاتەکانیشیان نزیکەی ٦٠٪ کەمیکردوە.