قوباد تاڵەبانی لەگەڵ کونسوڵی گشتی فەرەنسا لەسەر چەند پرسێک کۆبوەوە

  2024-04-02  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم لەگەڵ کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەولێر کۆبووەوە و لەسەر پرسی هەڵبژاردنەکانی خولی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان و چۆنییەتی گەشەپیدانی ئابوری هەرێم و چەند پرسێکی دیکە گفتوگۆیان کرد.

 قوباد تاڵەبانی لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ یان برێم، سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردن، جێگری سەرۆک وەزیران جەختی کردەوە لەسەر پێویستیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لەو وادەیەی کە لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێمەوە دیاری کراوە و رایگەیاند، نابێت لەوە زیاتر هەڵبژاردن دوا بکەوێت.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا قسە لەسەر دۆخی ئابوری و چۆنییەتی گەشەپێدانی ئابوری هەرێم کرا، قوباد تاڵەبانی، ئاماژەی بە ستراتیژی بەهێزکردنی کەرتی تایبەت کرد و رایگەیاند، "هەموو رێوشوێنێکی پێویست دەگرینەبەر بۆ کارئاسانیکردن بۆ وەبەر‌هێنەران لە کەرتی تایبەت بە تایبەتیش وەبەرهێنان لە کەرتەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ و گەشتیاریدا".

ئەوەشی خستەڕوو، کار بۆ ئەوە دەکەن هانی وەبەرهێنەران بدرێت کە لە قەزا و ناحییەکانیش وەبەرهێنان بکەن، بەبێ گەشەپێدانی هاوسەنگ لە شار و ناوچە جیاوازەکاندا، ناتوانرێت ژێرخانێکی ئابوری بەهێز بونیاد بنرێت و گەشەپێدانی راستەقینەش روونادات.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی سوپاسی حکومەت و وڵاتی فەڕەنسای کرد کە لە قۆناغە جیاوازەکاندا هاوکاری هەرێمی کوردستانیان کردوە و داواشیکرد بۆ لەمەودواش بە تایبەت لە بواری گەشەپێدانی ئابوریدا حکومەتی فەڕەنسا لەڕووی دابینکردنی راوێژکارەوە هاوکاری هەرێمی کوردستان بکات.


ڕیکلام