قوباد تاڵەبانی لەگەڵ نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان کۆبووەوە

  2024-04-03  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازی کرد لە جێنین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا لەسەر پرسی هەڵبژاردنەکانی خولی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا گفتوگۆیان کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی چوارشەمە ( ٣ی نیسانی ٢٠٢٤) لە هەولێر بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی ستایشی جێنین پلاسخارتی کرد لە هەوڵەکانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و نزیککردنەوەی بۆچوونی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و عێراق و ئاماژەی بەوەشدا کە لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا ئەم هەوڵانە کاریگەری هەبووە لەسەر سەقامگیری عێراق و هێورکردنەوەی زۆرێک لە بارگژییە سیاسییەکان.
سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردنەکانی خولی داهاتووی پەرلەمانی کوردستانیش، جێگری سەرۆک وەزیران جەختی کردەوە لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا کرا، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی گفتوگۆکان بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتی هەموو کێشەکان و بە تایبەتیش کێشە داراییەکان کە لەئێستادا هەنگاوی باش نراوە بەو ئاڕاستەیە.


ڕیکلام