دهۆک.. لە ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوەدا حەوت کەس برینداربوون

  2020-06-11  | 
دهۆک
 مازن شنگالی
لە ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوەدا لە شاری دهۆک، حەوت کەس برینداربوون و نزیکەی ٢٠٠ هەزار دۆلاریش زیانی مادی لێکەوتەوە.

بێوار عەبدولعەزیز وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی دهۆک بە تۆڕی میدیایی ژیان-ی ڕاگەیاند، نزیکەی کاتژمێر ۱۱ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ئاگادارکراینەوە لەوەی کە لە گەڕەکی پێشانگاکان لە ناوەندی شاری دهۆک، ئاگر لە کۆگایەکی کەلوپەلی پلاستیکی کەوتووەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، دوای رووداوەکە تیمەکانیان دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و دوای نزیکەی ۳ کاتژمێر توانیویانە ئاگرەکە کۆنترۆل بکەن .

ئەوەشی خستەڕوو، بەپێ لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان ئاگرەکە بەهۆی شۆرتی کارەباوە کەوتووەتەوە.

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی دهۆک راشیگەیاند، بەهۆی ڕووداوەکەوە سێ کرێکاری کۆگاکە بە سوکی برینداربوون، هەروەک چوار کارمەندی  بەرگری شارستانی دهۆک تووشی تەنگەنەفسی بوون .

ئاشکراشیکرد، هەر لە ئەنجامی رووداوەکە، زیانی مادی بەر کۆگاکە کەوتووە کە بە بڕی نزیکەی ٢٠٠ هەزار دۆلار دەخەملێندرێت.



ڕیکلام