وەزیری نەوتی عێراق زانیاری نوێ لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان ئاشکرادەکات و دەڵێت، "تائێستا لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان نەگەیشتوینەتە رێککەوتن لەبارەی رادەستکردنی ئەو نەوتەی لە هەرێم بەرهەمدەهێنرێت".
حەیان عەبدولغەنی, وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەداوە، تائێستا لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان نەگەیشتوینەتە رێککەوتن لەبارەی رادەستکردنی ئەو نەوتەی لە هەرێم بەرهەمدەهێنرێت.
ئاماژەی بەوەشداوە، رێککەوتنێکی پێشوتر هەیە بۆ رادەستکردنی ئەو بڕە دیاریکراوە نەوتەی لەیاسای بودجەی فیدراڵیدا هاتووە.
باسی لەوەشکردوە، ئەو کۆمپانیایانەی کە لە کێڵگە نەوتیەکانی هەرێم کاردەکەن, رۆژانە (٣٧٥) هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنن, (٤٦) هەزار بەرمیلی دەچێت بۆ کارپێکردنی هەندێک لە پاڵاوتگەکان.
وەزیری نەوتی عێراق جەختلەوەدەکاتەوە، دەبوو (٣٢٩) هەزار بەرمیلیشی رادەستی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)بکرایە, کە کۆمپانیای رێگەپێدراوە بۆ هەناردەکردنی نەوتی عێراق, رێککەوتنیش هەیە لەگەڵ حکومەتی هەرێم بە رادەستکردنی ئەو بڕە.
دەشڵێت، هەندێک جیاوازی هەیە لەگەڵ هەرێم, پەیوەندی بەو گرێبەستانەوە هەیە کە لەگەڵ کۆمپانیا بیانیەکان ئیمزاکراوە, پێویستی بە پرۆسەی پێداچونەوەو گونجاندنێتی لەگەڵ دەستوری عێراقی، ئەوانە گرێبەستی هاوبەشین, ئێمە ناتوانین گرێبەستی هاوبەشیی پەسندبکەین.
ئاشکراشی دەکات، دوو لیژنە پێکهێنراوە, لیژنەیەکی هونەری و لیژنەیەکی یاسایی, لەسەرەتای هەفتەی داهاتووەوە لەگەڵ هەردوو لیژنەکە کۆدەبینەوە.
حەیان عەبدولغەنی لەبارەی رادەستکردنیتکردنی نەوتی هەرێم دەڵێت، نوێنەری حکومەتی هەرێم و وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی تیادایە و نیەتی گەیشتن بە رێککەوتن و چارەسەرکردنی ئەو پرسە هەیە بۆ رادەستکردنی نەوتی عێراق و ھەناردەکردنی، ئەو کۆمپانیایانەی گرێبەستان لەگەڵ هەرێم کردووە, بەنرخێکی جیاواز لە نرخی وەزارەتی نەوت ئەنجامیانداوە لەکێڵگە هاوشێوەکان, یەکێک لەو پرسانەی لە کۆبونەوەی هەفتەی داهاتوو باسی دەکەین, ئەم پرسە دەبێت.
لە کۆتاییدا دەڵێت، رێککەوتنمان هەیە بۆ رادەستکردنی (١٠٠) ملیۆن پێ سێجا غاز لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر, بۆ بەهێزکردنی تۆڕی کارەبای نیشتمانی, بەگوێرەی زانیارییەکانی بەردەستمان, لەئێستادا دەستکراوەتەوە بە بەگەڕخستنەوەی ئەو کێڵگەیەو دەستپێکردنەوەی کارەکانی.