هاوپەیمانیی نەسر: ئۆپراسیۆنەکانی تورکیا لە هەرێم بەهیچ جۆرێک قبوڵکراو نییە

  2024-07-08  | 
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
هێرشە بەردەوامەکانی تورکیا و پێشرەوییەکانی بۆسەر خاکی هەرێمی کوردستان تادێت نیگەرانی زیاتر بەدوایی خۆیدا دەهێنێت، یەکێک لە سەرکردەکانی هاوپەیمانیی نەسر کە حەیدەر عەبادی سەرۆکایەتیی دەکات رایدەگەیەنێت، "کە نیگەرانییەکی زۆر بەرامبەر ئۆپراسیۆن و جموجوڵەکانی تورکیا لە بەرزاییەکانی هەرێم و ناوخاکی هەرێمی کوردستان هەیە و بێدەنگیی هەرێم و بەغداش لەو لەشکرکێشیانە بەهانەی زیاتر بە ئەنقەرە دەدات درێژە بە کارەکانی بدات".

لە لێدوانێکیدا بۆ میدیا عێراقییەکان، عەقیل رەدینی، سەرکردە لە هاوپەیمانیی نەسرئاماژەی بەوەداوە، "قەبارەی هاتنەناوەوەی سوپای تورکیا بۆ خاکی عێراق گەیشتوەتە ١٥٠ کیلۆمەتر و ئێستا گەیشتوەتە سنورەکانی دەوروبەری قەزای ئامێدی لە دهۆک، ئەمەش پێشێلکردنی دەستوری عێراقە و بێدەنگیی هەرێم و بەغداش بەرامبەر دۆسیەی پەکەکە بیانوی داوەتە دەست تورکیا بێتە قوڵایی سنوری عێراقەوە".

ئەو سەرکردەیە داوا دەکات،" هەڵوێستێکی جدی بەرامبەر لەشکرکێشییەکانی تورکیا هەبێت و هەمووان بەرگری لە سەروەریی خاکی عێراق بکەن، چونکە ئەوەی تورکیا دەیکات دەستدرێژییەکە کە بەهیچ جۆرێک قبوڵ ناکرێت".

رەدینی باسی لەوەشکردوە، "لەکاتی سەردانەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ عێراق و لە دووەم رۆژی سەردانەەیدا سوپای تورکیا بە ئاشکرا لەناوخاکی هەرێم و عێراق سوڕایەوە".


ڕیکلام