بەشیر حەداد: بانگی مزگەوتەكان لە هەرێمی كوردستان یەكدەخرێت

  2024-07-20  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سه‌رۆكی بۆردی باڵای وتاری هه‌ینی له‌ وه‌زاره‌تی ئه‌وقافی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان رایگه‌یاند كه‌ بانگی مزگه‌وته‌كان له‌ هه‌رێم یه‌كده‌خرێت و بۆچوونی لیژنه‌ی باڵای فتواش وه‌رگیراوه‌.

به‌شیر حه‌داد، سه‌رۆكی بۆردی باڵای وتاری هه‌ینی  لە وەزارەتی ئەوقاف ڕاگەیاند، پڕۆژەی یەکخستنی بانگ سەرەتا لە شاری ھەولێر دەستی پێکردوە و لە 100 مزگەوت جێبەجێ کراوە، ئێستا پڕۆسەکە لە فراوانبوندایە و دوای ھەولێر لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت، بانگی یەکگرتو پڕۆژەیەکی سەرکەوتوە و لە زۆرێک لە وڵاتانی پێشکەوتو جێبەجێ دەکرێت.

سەرۆکی بۆردی باڵای وتاری هەینی لە وەزارەتی ئەوقاف وتیشی، بانگی یەکگرتو لەگەڵ بانگی پێشو جیاوازییەکەی ئەوەیە، پێشتر لەوانەیە لە ھەندێ مزگەوت کەسانێک بانگیان دابێت، دەنگیان وەک پێویست نەبوبێت، یانیش پێش و پاش ھەبو لە بانگدان، ئێستا یەک کەس بە دەنگێکی خۆش بۆ ھەمو مزگەوتەکان بانگ دەدات.

لەبارەی ئاستەنگی شەرعییەوە، بەشیر حەداد وتی: ئەو بانگەی ئێستا جێبەجێ دەکرێت، بانگی ئەلیکترۆنی نییە، کەسێک ھەیە بانگ دەدات نەک پێشتر تۆمار کرابێت، ئەوەی ھەیە بانگی زیندوەو لە ڕوی ئایینییەوە ھیچ کێشەیەکی لەسەر نییە، ھەتا بۆچونی لیژنەی باڵای فتواش وەرگیراوە.




ڕیکلام