پۆلیسی هه‌ولێر: چوار كه‌س بە تۆمەتی دزینی کێبڵی کۆمپانیایەک دەستگیركران

  2024-07-28  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر چوار کەس بە تۆمەتی دزینی کێبڵی کۆمپانیایەکی پەیوەندی و ئینتەرنێت لە هەولێر دەستگیر دەکات.

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی ئاگاداركراینەوە لەلایەن كۆمپانیایەكی پەیوەندی و ئینتەرنێتەوە، بە هەبوونی حاڵەتێكی دزیكردن، دوای تۆماركردنی سكاڵا، لە ئەنجامی لێكۆڵینەوە تیمەكانمان لە پۆلیسی پارێزگای هەولێر و كۆكردنەوەی زانیاری، توانیمان بە زووترین كات شوێنی تۆمەتباران دەستنیشان بكەین.

ئاماژە بەوەشدەکات، "دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوە، چوار تۆمەتبارمان دەستگیر كرد، كە ئەم چوار تۆمەتبارە كارمەندی هەمان كۆمپانیا بوون".

دەشڵێت، تۆمەتباران دانیان بە تاوانەكانیاندا ناوە و پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان بۆ كراوەتەوە و لە ئێستاشدا بەپێ ماددەی 443 لەیاسای سزدانی عێراقی راگیراون و رێكاری یاساییان بەرامبەر دەگرینەبەر.