بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان ڕایگەیاند، شەش تۆمەتبار بە کیلۆیەک ماددەی هۆشبەری جۆری کریستاڵەوە لە ئۆپەراسیۆنێکدا دەستگیرکران.
بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە ڕاگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە بەردەوامی هەوڵەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوە و نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، دوای بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری و وەرگرتنی فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، لە 29ـی تەممووزی 2024، توانیویانە دەست بەسەر کیلۆیەک ماددەی هۆشبەر لەجۆری کریستاڵدا بگرن.
ئاماژەی بەوەشدەکات، لەم چالاکییەدا کە ماوەی دوو رۆژی خایاند، باندێکی شەش کەسی مەترسیدار کە کاری بڵاوکردنەوەو کڕین و فرۆشتنیان بە ماددەی هۆشبەرەوە دەکرد دەستگیرکران، هەروەها درۆنێکیش کە لەم تاوانکاریەدا بەکار دەهێنرا لەگەڵ چەند پارچە چەک و نارنجۆک و بڕێک دۆلاری ساختەش، دەستی بەسەردا گیرا.
نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان ئاشکرای کردووە، تەواوی تۆمەتباران لەژێر لێکۆڵینەوەدان و بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددەهۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقڵیەکان ڕووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.