پۆلیسی هەولێر: تۆمەتبارێکمان دەستگیرکرد کە ناوی لەخۆی ناوە عەنتەر

  2024-07-31  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، تۆمەتبارێکی بە ڕەگەز عەرەبیان دەستگیرکردووە کە ناوی لەخۆی ناوە عەنتەر، جگە لە بریندارکردنی هاووڵاتییەک، هەڕەشەی لە چەندین کەس کردووە و بە چەکەوە لە سۆشیاڵ میدیاش خۆی نمایش کردووە.

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە،  تۆمەتبارێکی بە ناوی (ا. خ. ج) کە ناوی لە خوی ناوە (عەنتەر) بە ڕەگەز عەرەب لەدایکبووی 1992 دەستگیر کرد، کە فەرمانی دەستگیرکردنی هەبوو و  بریندارکردنی هاووڵاتییەکی ئاوارەی عەرەبی بریندارە کردووە کە دانیشتووی کۆمەڵگەی کانی قرژاڵە بوو لە سنووری پارێزگای هەولێر و هەروەها هەڕەشەی لە چەندین ماڵیش کردبوو، جگە لەوەش بە چەقۆ لە دادخوازێکی دابوو.

لە ڕاگەیەندراوەکدا هاتووە، دوای ئەم تاوانە، تۆمەتبارەکە هەڵاتبوو بۆ پارێزگای موسڵ و لەوێ ڕۆژانە، لە ڕێگای سۆشیالمێدیا بە چەک خۆی نمایش دەکرد و هەڕەشەی لە خەڵک دەکرد، دوای گەڕانەوەی بۆ هەرێمی کوردستان و پاش کۆکردنەوەی زانیاری، تۆمەتبارەکە دەستگیر کرا.

پۆلیسی هەولێر دەشڵێت، تۆمەتبار دانی نا بە تاوانەکەی و ئامادەی پێش دادوەری لێکۆڵینەوە کرا، دادوەریش بڕیاری دا بە ڕاگرتنی تۆمەتباری ناوبراو بەپێی ماددەی 405 بڕگەی 31 لە یاسای سزادان.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش دەکات، کە تۆمەتبارەکە هەڕەشەی لە زیاتر لە 15 ماڵی عەرەبی ئاوارە کردبوو لە کۆمەڵگای کانی قرژاڵە، دوای دەستگیرکردنیشی، سەرجەم ماڵەکان گەڕانەوە شوێنی خۆیان.