دەقی ڕوونكردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بانكە پسپۆڕییەكانی سەر بە وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان..
ڕۆژی (٦\٨\٢٠٢٤) ماڵپەڕی كەناڵی (نالیا)ی سەر بە خاوەنێكی قەرزداری حكومەتی هەرێم، هەواڵێكی بڵاوكردووەتەوە و تیایدا نووسیویەتی گوایە (حکومەتی هەرێم لە ساڵی ٢٠١٣ـەوە دەستی بەسەر نزیکەی ٣٧ ملیار دیناری هاوڵاتیاندا گرتووە کە وەک پارەی مامەڵەی وەرگرتنی پێشینەی خانووبەرە لە هاوڵاتیان وەرگیراوە بەبێ ئەوەی هیچ بڕە پارەیەک بدرێتە هاوڵاتیان!) نووسیویەتی گوایە: (پێش وەرگرتنی پێشینەی خانووبەرە هەر هاوڵاتییەک كە مامەڵەی كردووە، بڕی ٢٨٥ هەزار دیناری وەک بارمتە لێ وەرگیراوە، بەڵام لە ٢٠١٤ بە بیانووی شەڕی داعش پێشینە وەستاوە و ئێستا حكومەتی هەرێم نە پێشینەكە دەدات و نە ٢٨٥ هەزار دینارەكە دەگێڕیتەوە بۆ هاوڵاتیان!).
بۆ بەرچاوڕوونیی هاوڵاتیانی خۆشەویست و پووچەڵكردنەوەی ئەو چەواشەكارییە، بە گرنگی دەزانین سەرەتا ئەم خاڵانەی خوارەوە روون بكەینەوە و ئینجا وەڵامێكی (نالیا)ش بدەینە:
١- پاڵپشت بە هەردوو بڕیاری سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (١٠٤٥٢) و (١١٠٠٢) لە (١٠\٩\٢٠٠٨) و ٨\١٠\٢٠٠٨) بۆ چارەسەركردنی كێشەی نیشتەجێبوون و سوود وەرگرتنی فەرمانبەران و هاوڵاتیانی نیشتەجێی شار و شارۆچكە و گوندەكانی هەرێمی كوردستان، بڕیار درا بەپێی رێنمایی دارایی ژمارە (٤٤)ی ساڵی (٢٠٠٨) پێشینەی خانووبەرە بدرێت، ئەوە بوو لە رێگەی (١٦) بانكی خانووبەرەوە پرۆسەكە جێبەجێ كرا. بۆ زانیاریی هەموو لایەک ئەو پێشینەیە لە ساڵی (٢٠٠٨)ەوە تاوەكو ساڵی (٢٠١٣) بە هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان درا و لەو ماوەیەدا حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕی (٣ ترلیۆن و ٢١٤ ملیار و ٥١٣ ملیۆن و ٤٥٨ هەزار و ٣٠٠ دینار)ی بۆ پێشینەی خانووبەرە بە هاوڵاتیان دا و (١٩٦ هەزار و ٧٢١ كەس) سوودمەند بوون لەو پرۆسەیە.
٢- پاڵپشت بە رێنمایی ژمارە (٤)ی ساڵی (٢٠١٠) كە هاوپێچە لەگەڵ ئەم روونكردنەوەیەدا، لە مامەڵەی وەرگرتنی پێشینەی خانووبەرەدا، لە هەر هاوڵاتییەكی خوازیار، بڕی (٢٥٠ هەزار دینار) وەرگیراوە نەك (٢٨٥ هەزار دینار) وەك كەناڵی (نالیا) لە هەواڵەكەیدا نووسیویەتی! ئەو (٢٥٠ هەزار دینارە)ش وەک خەرجییە كارگیڕییەكان (المصاریف الاداریه) بەرامبەر بە (كرێی لێژنە، پشكنین، چاپەمەنی، گواستنەوە، رووپێو، شارەزا) كۆی ئەو پارەیەش بڕی (٣٧ ملیار دینار!) نیە وەک كەناڵی (نالیا) نووسیویەتی، بەڵكوو راستیەكەی بڕی (٥ ملیار و ١٨ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دینار)ە و لە (٢٠٠٧٤) هاوڵاتی وەرگیراوە كە مامەڵەیان پێشكەش كردووە و پشكنینی موڵكیان بۆ كراوە بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی نەتواندراوە پێشینەی خانووبەرەیان بۆ خەرج بكرێت، ئاگاداری هەموو لایەكیش دەكەینەوە كە هەر یەكێک لەو هاوڵاتیانە سەردانی بانک بكەن و داوای ئەو (٢٥٠ هەزار دینار)ە بكاتەوە، بانكەكە بۆی دەگەڕێنێتەوە و هیچ كێشەی نیە، هەر بۆ زانیاریی هەموو لایەک تا ئێستا چەندین هاوڵاتی داوای پارەكەیان كردووەتەوە و (٢٥٠ هەزار دینار)ەكەیان وەرگرتۆتەوە.
٣- حكوومەتی هەرێمی كوردستان، وێڕای پێشینەی خانووبەرە و هاوسەرگیری، زیاتر لە ترلیۆنێك دیناری وەك قەرزی كشتوكاڵ و قەرزی بوارەكانی تر بەخشیوە بە قەرزخوازان، ئەوەشی بە ئەركی سەرشانی خۆی زانیوە لە پێناو خزمەتكردنی هاووڵاتیان و پێشكەوتنی زیاتری هەرێمی كوردستان لە هەموو رووێكەوە، لە سۆنگەی ڕەچاوكردنی دۆخی ئابووریی خەڵكیشەوە، هیچ جۆرە فشارێكی لەسەر هاوڵاتیان دروست نەكردووە.
لە كۆتاییشدا بە پێویستی دەزانین، وەبیر كەناڵی نالیا و خاوەنەكەی بهێنینەوە، لەم كاتەدا كە ئەو هەواڵە! بڵاوكراوەتەوە، كەناڵی نالیا و خاوەنەكەی، قەرزێكی یەكجار زۆری حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان لایە و نەیانداوەتەوە، جیا لە پارەی خاوەن پشكەكانی چاڤیلاند و تەنانەت زۆر لە كارمەندانی كەناڵەكەش كە مووچەیان خوراوە. خۆ ئەگەر سەرۆكی ئەو حزبەی خاوەنداریی كەناڵی (نالیا) دەكات، كەسێكی سەر ڕاست بوایە و بەڕاستی لە خەمی مافی خەڵكدا بوایە، با ئەو قەرزە زۆرەی حكومەتی هەرێمی بگێڕایەتەوە كە لە سامانی گشتییە و پارەی خەڵكە، بەدڵنیاییەوە دەیان كێشەی خەڵكی پێ چارەسەر دەكرا.