لەسەر دەنگۆی کۆتایهێنان بەئەرکی هاوپەیمانان لە عێراق، راوێژکارێکی سودانی سودانی دەنگۆکان رەت دەکاتەوە و دەڵێت، " تائێستا هیچ وادەیەکی زەمنی دیارینەکراوە بۆ کشانەوەی سوپای ئەمریکا".
رۆژنامەی العربی الجدید بڵاویکردوەتەوە، سەبهان مەلا جیاد، راوێژکاری سیاسی سەرۆک وەزیرانی عێراق، رەتیدەکاتەوە هیچ رێککەوتنێک کرابێت لەسەر وادەیەکی دیاریکراو، بۆ کۆتایهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق ،و چوونە دەرەوەی سوپای ئەمریکا.
راوێژکارەکەی سودانی ئاماژەی بەوەکردووە: گفتوگۆکان لەو چوارچێوەیەدا لەنێوان بەغدادو واشنتۆن لە رۆژانی داهاتوودا دەستپێدەکاتەوە.
سەبهان جەختی لەسەر ئەوەکردوەتەوە، تائێستا هیچ وادەیەکی زەمنی دیارینەکراوە بۆ کشانەوەی سوپای ئەمریکا، بەڵام حکومەت هەنگاو بۆ کۆتایهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەنێت، لەڕۆژانی داهاتووشدا گەڕێکی نوێی گفتوگۆکان دەستپێدەکاتەوە, بۆ ئەوەی ئامادەکاری بکرێت کشانەوەی بەشێکی هێزەکان.
ئەم دەنگۆیانە دوای ئەوەهات، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، لەزاری ژمارەیەک سەرچاوەی ئەمریکی و عێراقییەوە بڵاویکردەوە، عێراق و ئەمریکا لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیماننان لێکگەیشتنیان کردووە، رێککەوتنەکەش تەنها راگەیاندنی ماوە، کە لەمانگی ئەیلولی ساڵی (٢٠٢٥) دەستپێدەکات و لەکۆتایی ساڵی (٢٠٢٦) پرۆسەی کشانەوە کۆتایی دێت.