بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی بڵاویکردەوە، سلێمانی جوانترین و گەشاوەترین شاری هەرێمی کوردستانە، سروشتەکەی وایکردووە هەمیشە گەشەکردن تیایدا بەردەوام بێت، بۆیە کەس ناتوانێت بە ئیرەیی لە جوانییەکەی کەمبکاتەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، چەند رۆژێکە کە چوینەتە ناو هەڵمەتی هەڵبژاردنەوە کەناڵێک بە هەق و ناهەق و بەڕاست و چەپ پەلاماری سلێمانی ئەدات، هەر جارەی هەواڵێکی ناڕاست و بابەتێکی دوور لە ڕاستیی دائەتاشێت ، دوێنێش بابەتێکی لەسەر پرۆژەکانی کەمئەندامان بە شێواوی بڵاو کردۆتەوە کە سەرلەبەری ناڕاستە، بۆیە بە پێویستمان زانی ئەم چەند خاڵە بخەینەڕوو:
1- سلێمانی جوانترین و گەشاوەترین شاری هەرێمی کوردستانە، سروشتەکەی وایکردوە هەمیشە گەشەکردن تیایا بەردەوام بێت، بۆیە کەس ناتوانێ بە ئیرەیی لە جوانی سلێمانی کەم بکاتەوە .
2- سلێمانی لە دوو ساڵی ڕابوردودا بە شایەتی سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان پلەی یەکەمی هێناوە لە پرۆژەکانی وەبەرهێناندا، ئەم دەستکەوتە بە کەس کەم ناکرێتەوە، با ئەو کەناڵە خۆی هیلاک نەکات.
3- پرۆژەکانی وەبەرهێنان لە سلێمانی سەرەڕای یەکەم بونیان لەسەر ئاستی هەرێم، هەزاران هەلی کاریان ڕەخساندوە، ئەمەش بوەتە هۆی ئەوەی رێژەی هەلی کار لە سلێمانی لە پێش شارەکانی ترەوە بێت.
4- تەنها لە سلێمانی3 پرۆژەی گەورە وەبەرهێنان بۆ کەمئەندامان و کورتە باڵاکان کراوە، سێ سیتی گەورە کە هەر یەکەیان نزیکەی یەک هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە خۆ دەگرێت ، ئەمانە بەشێکن لەو پرۆژانەی کە بەڕێز قوباد تاڵەبانی کاری بۆ کردون و گەیشتونەتە ئەنجام.
5- بۆ یەکەم جار لە کوردستان و عێراقدا یەکەی نیشتەجێ بدرێ بە کەمئەندام و کورتەباڵا بە قیستی 45 ساڵ و بە مانگانەی تەنها 150 هەزار دینار، ئەمەش هەوڵی بەڕێز قوباد تاڵەبانی بوو.
6- کەرتی وەبەرهێنان گەورەترین بەرەو پێش چونی بەخۆیەوە دیوە لە سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجەو ڕاپەڕین، ئەم ڕاستیەش بەکەس ناشاردرێتەوە.