مامۆستایه‌كی زمانی کوردی سزای زیندانیكردنی بەسەردا سەپێندرا

  2024-10-12  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سووسەن حەسەن‌زادە، چالاکی مەدەنی و ئەندامی مامۆستایانی خۆبەخشی زمانی کوردی کە بەهاری ئەم ساڵ بۆ ماوەی مانگێک دەستبەسەر کرابوو، لە لایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێ مانگ زیندانیكردنی بەسەردا سەپێندرا.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، سووسەن حەسەن‌زادە چالاکی مەدەنی و مامۆستای خۆبەخشی زمانی کوردی لە شاری بۆکان، لە لایەن لقی 101ی دادگای تاوانەکانی بۆکان بە تۆمەتی "بانگەشە دژی حکومەت" سزای سێ مانگ  زیندانیكردنی بەسەردا سەپێندرا.

سووسەن حەسەن‌زادە، لە ڕەوتی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵەکەی بە بەکارهێنانی توندوتیژی و بە بێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری دەستبەسەرکرابوو.

ناوبراو پێشتر بە دانانی بارمتەی 800 ملیۆن تمەنی و بە شێوەیەکی کاتی و تا کاتی تەواوبونی دادگاییەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ئازادکرا.

هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە، سووسەن حەسەن زادە لە ماوەی دەستبەسەربوونەکەیدا لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بووە و تەنیا جارێک پەیوەندییەکی کورتی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبووە.