سەرۆکایەتی کۆماری عێراق راگەیەندراوێکی لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە، تیایدا داوا لە لایەنە سیاسییەكان دەكات بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ كۆببنەوە.
سەرۆكایەتی كۆمار لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بەبۆنەی سەركەوتنی هەڵبژاردن پیرۆزبایی لە گەلەكەیان لە هەرێمی كوردستان و تەواوی حزب و لایەنە سیاسییەكان دەكات كە بەشدارییان لەو پڕۆسە دیموكراسییە گرنگەدا كردووە و ئەو پیشەییبوون و دەستپاكییە بەرزەی كە كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان لە بەڕێوەبردنی پڕۆسەی هەڵبژاردنەكاندا نیشانیداوە بەرزدەنرخێنێت.
داواش لە سەرجەم لایەنەكان دەكات لەسەر مێزی گفتوگۆ كۆببنەوە بە ئامانجی پێكهێنانی حكومەتی نوێ لەسەر ئەو بنەمایەی كە خزمەتكردنی گەل لە پێش هەموو كارەكانیەوە بێت و كاربكات بۆ پتەوكردنی پڕۆسەی بونیادنان و ئاوەدانكردنەوە و بوژانەوەی ئابوری و بەدیهێنانی گەشەپێدانی بەردەوام .
هەروەها ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە، هەڵبژاردن جگە لەوەی مافێكی دەستورییە، هاوكات پایەیەكی بنەڕەتی سیستمی دیموكراسی و جێگای شانازییە بۆ هەموو عیراقییەكان، لەم ڕوانگەیەشەوە سەرۆكایەتی كۆمار داوای ڕێزگرتن لە ئەنجامی هەڵبژاردن و ئیرادەی گەل دەكات و پشتیوانی خۆشی بۆ تەواوكردنی ڕێرەوی دەستوری و دیموكراسی لە هەرێم دووپاتدەكاتەوە بەشێوەیەك كە یەكریزی نیشتمانی پتەوتربكات و خواستەكانی گەل بۆ گەشەپێدان و خۆشگوزەرانی و پێشكەوتن بەدەستبهێنێت.