سەرەڕای تووشبوونی بە كۆرۆنا 35 رۆژە لە زیندان مانی لە خواردن گرتووە

  2020-07-20  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
كچە پارێزەرە كرماشانیەكە سەرەڕای ئەوەی تووشی كۆرۆنا بووە لە زیندان بەردەوامە لە مانگرتن لە خواردن و ماوەی 34 رۆژە ئامادە نیە مانگرتنەكەی بشكێنێت.

رێكخراوی هەنگاو بۆ مافەكانی مرۆڤ رایگەیاند، سوهەیلا حیجاب، پارێزەر و چالاكی مەدەنی خەڵكی كرماشان لە بەندیخانەی قەرچەكی وەرامین، لە 35هەمین رۆژی مانگرتن لە خواردن هێشتا بەردەوامە، سەرچاوەیەك لەو بارەیەوە بە رێكخراوەكەی رایگەیاند: هەرچەند تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووە، بەڵام هیشتا لە هەموو پێداویستییەكی چارەسەری و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەكەی بێبەشە.

ئەو پارێزەرە لە ڕۆژی 16ی حوزەیرانی 2020 بەهۆی دۆخی نالەباری شوێنی ڕاگیرانی و گوشاری ناوەندە ئەمنییەكان بۆ سەر بنەماڵەكەی مانی لە خواردن گرتووە و داوایكردووە كە بیگوازنەوە بۆ بەندیخانەی ئێڤینی تاران.

ئەو پێشتر بە تۆمەتی ”پڕووپاگەندە دژی نیزام“ و ”گردبوونەوەی نایاسایی“ و ”تێكدانی بیروڕای گشتی بە مەبەستی ئاژاوە نانەوە“ و ”دروستكردنی گرووپ بۆ داكۆكی لە مافی ژنان“ و ”داوای بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم و گۆڕینی یاسای بنەڕەتیی ئێران“ لەلایەن لقی 28ی دادگای شۆڕیش تاران سزای 18 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرابوو.  

بە پێی یاسای كۆكردنەوەی حوكمەكان، زۆرترین سزای یاسایی سوهەیلا حیجاب كە پێنج ساڵ بەندكرانە بەسەریدا جێبەجێ دەكرێت كە بە تۆمەتی گردبوونەوەی نایاسایی بە سەر ناوبراودا سەپێندراوە.


ڕیکلام