حکومەتی عێراق نیگەرانی خۆی دەردەبڕێت بەهۆی ئەوەی ئیسرائیل ئاسمانەکەی بەزاندوە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران، وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، بەهۆی بەزاندنی سەروەریی ئاسمانی عێراق لەلایەن ئیسرائیلەوە یاداشتی ناڕەزاییمان داوە بە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان
باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، عێراق بە فەرمی یاداشتنامەیەکی ناڕەزایی پێشکەش بە ئەمینداری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کردووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، "لە یاداشتنامەکەدا سەرکۆنەی ئەو پێشێلکارییەمان کردووە کە قەوارەی زایۆنی لە ئاسمانی عێراقدا ئەنجامیداوە بۆ هێرشکردنەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شەوی ٢٦ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤. "
بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق وەزارەتی دەرەوەی راسپاردووە بۆ پەیوەندیکردن بە لایەنی ئەمریکی لەبارەی ئەو "پێشێلکارییەوە"، بۆ ئەوەی ئەمریکا پابەندییەکانی خۆی بەرامبەر بە سەروەری و ئاسایشی عێراق لە بڕگەکانی رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی جێبەجێبکات.
باسی لەوەشکردوە، حکومەتی عێراقی پابەندیی خۆی لەبارەی سەروەری و سەربەخۆیی عێراق دووپاتدەکاتەوە و کار بۆ بەرەنگاربوونەوەی پێشێلکارییەکان دەکات.