دەستەی بەڕێوەبەریی ناوەندیی دەم پارتی لەبارەی دەركردنی نوێنەرانی پارتەکەیان لە هەولێر ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
دەم پارتی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، "بەرپرسانی پارتی بەزۆرەملێ نوێنەرانی ئێمەیان لە هەولێر بەشێوەیەکی نایاسایی ناردووە بۆ سلێمانی. ئێمە ئەمە بە پاشەکشەیەک دەبینین، لە چوارچێوەی پاشەڕۆژی پەیوەندییە کوردستانیەکان و ڕێسا دیموکراتیکەکاندا، بە خەمگینییەوە دەڕوانینە ئەم نزیکایەتییە خراپە و لێکۆڵینەوەی لێ دەکەین. ئەم هەوڵە کارەساتبارە واتای تێکدانی هەوڵەکانی یەکێتی نەتەوەییە کە چاوەڕوانییەکی ڕەوای دەیان ملیۆن کوردە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "دەمانەوێت ئەوە بەبیربهێنینەوە، سەرەڕای هەموو ڕەخنەیەک و فشار و هەڕەشەی دەوڵەتان، پارتەکەمان بە پێشەنگایەتی هەدەپە پشتگیری لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی باشووری کوردستان کرد. بەدیهێنانی چاوەڕوانییەکانی ملیۆنان کورد، بە قووڵکردنەوەی سنوورەکانی نێوان گەلی کورد نابێت".
دەم پارتی جەختدەکاتەوە دەبێت بزووتنەوە سیاسییەکان کوردییەکان ڕێز لە پەیوەندییەکانی نێوانیان بگرن و پەناببرێتە بەر دیالۆگی ڕاستەوخۆ، ئامانجی کردنەوەی ئۆفیسەکەشمان لە هەولێر بۆ ئەمەیە، دەڵێت، "بەڵام بەداخەوە دوورخستنەوەی نوێنەرەکانمان لە هەولێر، هێرشێکە دژی پاشەڕۆژی پەیوەندییەکانی یەکێتی نێوان گەلی کورد".
دەشڵێت، "هیچ پاساوێکی یاسایی و سیاسی و ئەخلاقی نییە بۆ دەرکردنی زۆرەملێی نوێنەرەکانمان لە هەولێر. هەروەها لەلایەن ئیدارەی هەرێمی باشووری کوردستان و پارتییەوە هیچ لێدوانێک لەم بارەیەوە نەدراوە".