ئەحمەد کایا؛ سترانبێژی هەژاران!
ئەحمەد کایا هونەرمەندێکی دیار و کوردپەروەری کوردستانە و لەرێی گۆرانی و میوزیکەوە خزمەتێکی زۆری بەرەوتی هونەری کوردی و جۆشدانی گیانی کوردایەتی لەباکور کردووە.
کایا ساڵی ١٩٥٧ لەشاری مەڵاتیەی باکوری کوردستان لەدایک بووە و بەخانەوادەوە کۆچیان کردووە و لەئەستەنبوڵ گیرساونەتەوە.
ئەستەنبوڵ بۆ کایا مەیدانی کاری سیاسی و نان پەیداکردن و خولیابوونی هونەر و شیعر بووە.
کایا بۆ بژێوی ژیانی خۆی و خێزانەکەی سڵی لەهیچ کارێک نەکردۆتەوە و کاری شۆفێری و کرێکاری و فرۆشیاری گەڕۆکی کردووە.
ئەو ژیانە وای لێکردووە زیاتر بەخەمە چینایەتی و نیشتمانیەکان ئاشنا بێ و شیعر و هونەری گۆرانی کردۆتە مینبەرێک بۆ ئەوەی ئێش و ئازارەکانی میللەتەکەی لێوە دەربڕێ و لەوچوارچێوەیەدا ساڵی ١٩٨٥ یەکەم ئەلبومی گۆرانی خۆی بەناوی (مەگری بچکۆل) بڵاو کردەوە و ئەو ئەلبومە لەبەرئەوەی ناوەرۆکێکی سیاسی هەبوو، لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە قەدەغە کرا.
ئەوەش بووە هۆی ئەوەی کە کایا زیاتر دەربکەوێ و ئەستێرەی بدرەوشێتەوە و لەلایەن خەڵکی باکورەوە نازناوی گۆرانیبێژی هەژارانی پێبەخشرا.
بەهۆی هەڵوێستە سیاسیەکانی و گۆرانییە نیشتمانییەکانی لەلایەن حکومەتی تورکیاوە زۆر دژایەتی کراو بۆیە بەناچاری وڵاتی بەجێهێشت و لەپاریس نیشتەجێ بوو.
ساڵی ١٩٩٩ بەغیابی سزای ١٠ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا.
ئەم هونەرمەندە گەورەیەی کورد،لەرۆژی١٦-١١-٢٠٠٠ لەتەمەنی ٤٣ ساڵیدا لەدورە وڵات و لەپاریس کۆچی دوایی کرد و لەگۆڕستانی ناودارانی ئەو شارە بەخاک سپێردرا.
درود بۆ گیانی پاک و پیرۆزی ئەم هونەرمەندە گەورەیەی کورد.