جێگری پارێزگاری سلێمانی لەبارەی ئەو نووسراوەی تایبەت بە تەوتینی مووچە ئاراستەی بانكی ناوەندی عێراق كراوە دەڵێت، ئەوەی بەپێی یاسا رێگەپێدراو بێت لە بەرژەوەندیی خەڵك دەیكەن.
شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی لە لێدوانێكدا رایگەیاند، خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و دابینكردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان و شایستە دارایییەكان ئەركە لەسەرمان.
لەبارەی ئەو نووسراوەش لە سەرەتای ئەم مانگە بە واژۆی ئەو تایبەت بە تەوتینی مووچەی مووچەخۆران ئاراستەی بانكی ناوەندیی عیراق كرا شاهۆ عوسمان وتی، ئەوەی لە بەرژەوەندیی مووچەخۆران و خەڵكدا بێت ئێمە ئەوەدەكەین. ئەو دۆخەی لە ئارادایە پێویستە كۆتایی پێبێت، چونكە بەرگەگرتنی ئەو دۆخە لە توانای خەڵكدا نەماوە.
جەختیشکردەوە، ئەوەی لە چوارچێوەی یاسادا رێگەی پێدرابێت و بە یاسا دەستكراوەبن ئەوا بۆ خزمەتی كۆمەڵانی خەڵك و مووچەخۆرانی سلێمانی و زامنكردنی مافی مووچەخۆران، ئەو رێگایە دەگرنەبەر.
نووسراوەكە لە 4ی ئەم مانگە بە واژۆی شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی بۆ كاروباری كارگێڕی دەرچووە و ئاڕاستەی بانكی ناوەندیی عێراق كراوە تیایدا هاتووە، داواتان لێدەكەین رێنوێنی بدەنە بانكە پەیوەندیدارەكان بۆ ئەوەی پرۆسەی تەوتین بە بانكیكردنی مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی پارێزگای سلێمانی ئەنجام بدەن پشتبەست بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی ژمارە224 لە 29ی شوباتی 2024.