رێکخراوی پەنای کار: نزیکەی ٥٠٠ کرێکاری کۆمپانیا نەوتیەکان بێکارکراون

  2020-07-20  | 
سلێمانی
ئاسۆ شیخ محەمەد سەرۆکی رێکخراوی پەنای کار
فۆتۆ: تیشکۆ سدیق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
رێکخراوی پەنای کار لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نزیکەی ٥٠٠ کارمەند و کرێکاری کۆمپانیا نەوتیەکان بێکارکراون.

ئاسۆ شیخ محەمەد سەرۆکی رێکخراوی پەنای کار لە کۆنگرەیەکەی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەم بارودۆخە سەختەی ئێستادا، نزیکەی ٥٠٠ کارمەند و کرێکاری کۆمپانیا نەوتیەکان لە هەرێمی کوردستان بێکارکراون و لەکار دوورخراونەتەوە.

ئاشکراشیکرد، کۆمپانیای دانە غاز نزیکەی ٧٨ کارمەندی لە کارەکانیان دوور خستووەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، رێکخراوەکەیان بۆ داکۆکیکردن لە کارمەندانی کۆمپانیا نەوتییەکان دروستکراوە، بۆیە هەموو هەوڵێک دەخەنەگەڕ بۆ ئەوەی لەرێگەی یاساوە و لە هەرێمی کوردستان چارەسەری کێشەی ئەو کارمەندانە بکەن و بیانگەڕێننەوە بۆسەر کارەکانیان.

راشیگەیاند، ئەگەر حکومەت و دادگاکانی هەرێمی کوردستان وەڵامیان نەدەنەوە، لە ڕێگەی دادگا نێودەوڵەتییەکانەوە ئەو کێشەیە چارەسەر دەکەن.

هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، یەکێک لەو کارمەندانەی کە لەلایەن دانەغازەوە لە کارەکەی دوورخراوەتەوە، رایگەیاند، ئەگەرچی بەشێکی زۆریان زیاتر لە شەش ساڵ خزمەتیان هەیە، بەڵام بەبێ ئەوەی هیچ کەموکورتییەک روویدابێت، لە ١١ی٦ی٢٠٢٠ بانگکراون و لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی ئەو رێککەوتنەی لە نێوان ئەوان و کۆمپانیای دانە غازدا هەیە، لە ئێستادا ناتوانن لە شوێنی دیکە کار بکەن.

ئەوەشی خستەڕوو، چەندین جار داوایان لە بەڕێوەبەرانی کۆمپانیای دانە غاز کردووە، لەوبارەیەوە روونکردنەوە بدەن، بەڵام قسەی هەڕەشەئامیز دەکەن و وەڵامی داواکارییەکەیان نادەنەوە.



ڕیکلام