دوای حەوت ساڵ، پارتی پۆستێکی لە بەغدا وەرگرتەوە

  2024-12-01  | 
دۆسیە:  پارتی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دوای نزیکەی حەوت ساڵ لە دەستدانی پۆستی ئەمینداری گشتی وەزارەتی بەرگری عێراق، پارتی دیموکراتی کوردستان جارێکی دیکە پۆستەکەی پڕکردەوە.

بە گوێرەی زانیارییەکان، ئەمڕۆ یەکشەممە، فەریق شوان مەزهەر لە پشکی پارتی دیموکراتی کوردستان پۆستی ئەمینداری گشتی وەزارەتی بەرگری عێراقی وەرگرت، لەکاتێکدا کە پێشتر جێگری ئەمینداری گشتی وەزارەتی بەرگری عێراق بوو.

لە دوای ریفراندۆمی کوردستان لە ٢٥ی ئەیلولی ٢٠١٧ و رووداوەکانی رۆژانی دواتر، پارتی دیموکراتی کوردستان ئەو پۆستەی لەدەستدا، بەڵام ئەمساڵ دوای حەوت ساڵ جارێکی دیکە شوێنەکەی پڕکردەوە.

جێی ئاماژەیە، بەهۆی لاوازی نوێنەرەکانی لەناو حکومەتی عێراق، زوو زوو پارتی دیموکراتی کوردستان گۆڕانکاری لە پشکەکانیدا دەکات، هاوشێوەی ئەوەی لە هەفتەی دوو هەفتەی رابردوودا، مەسعود حەیدەری لە پۆستی بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق دوورخستەوە و رێباز حەملان-ی لە شوێنی ئەو دانا.