سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی سەری ساڵی تازەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "گەرمترین پیرۆزبایی لە هاووڵاتیانی خۆشەویستی کوردستان دەکەم و داوا دەکەم هەرچی زووە کابینەی دەیەم پێکبهێندرێت".
مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەیامێکیدا بەبۆنەی سەری ساڵی تازەوە رایگەیاند: بەبۆنەی سەری ساڵی تازەی زایینییەوە گەرمترین پیرۆزبایی لە هاووڵاتیانی خۆشەویستی کوردستان دەکەم. پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان دەکەم و هیوای خێر و خۆشی بۆ هەموو لایەک دەخوازم.
ئاماژەی بەوەشداوە: جێگەی خۆشحاڵییەکی زۆرە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ئۆکتۆبەری ڕابردوو بە سەرکەوتوویی ئەنجام درا و لەم هەڵبژاردنەدا گەلی کوردستان پەیام و ویستی خۆی بەڕوونی گەیاند. هەر لەسەر ئەم بنەمایەش دەبێ وەڵامی دەنگ و داواکاریی خەڵکی کوردستان بدرێتەوە، ئەویش لەڕێگەی پێکهێنانی هەرچی زووتری کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی حکوومەتی هەرێم پلان و بەرنامەکانی بۆ خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان جێبەجێ بکات.
مەسعود بارزانی لە پەیامەکەیداهێمای بۆ ئەوەشکردوە کە: جەختیش لەوە دەکەینەوە پێویستە لە چوارچێوەی دەستوور و ڕێککەوتنەکان و لەڕێگەی دیالۆگ و هەماهەنگیی نێوان حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کێشەکانی نێوان هەردوولا چارەسەر بکرێن و چیتر کۆسپ و تەگەرە بۆ مافەکانی خەڵکی کوردستان دروست نەکرێن.
لە پەیامەکەی سەرۆکی پارتیدا ئەوە هاتوە، لەکاتێکدا بەرەو دەستپێکی ساڵی تازە دەڕۆین کە ناوچەکەمان بە بارودۆخی هەستیاردا تێدەپەڕێت. ڕووداو و گۆڕانکارییەکانی سووریا لەگەڵ ئەوەی کاریگەریی لەسەر بارودۆخی ناوچەکەمان و هاوکێشەکان دادەنێت لەهەمانکاتیشدا دەرفەتێکی تازەیە بۆ گەلانی سووریا کە لە ڕێگەی دیالۆگ و لەیەکتێگەیشتندا بنەمایەکی پتەو بۆ پێکەوەژیان و ئاشتی و سەقامگیریی بنیات بنێن. ناوچەکەمان چیتر بەرگەی کێشە و توندوتیژی و تیرۆر و توندڕۆیی و ناسەقامگیری ناگرێت، بۆیە پێویستە هەموو لایەک پشت بە زمانی دیالۆگ و لەیەکترتێگەیشتن ببەستن و لە نکۆلیکاری و دەمارگیریی نەتەوەیی و ئایینی دوور بکەونەوە. دەبێ هەموو لایەک بزانن خۆسەپاندن ئەنجامی نابێت.
لە کۆتایدا دەڵێت: هیوادارین لەساڵی تازەدا ئاشتی و پێکەوەژیان باڵ بەسەر ناوچەکەماندا بکێشێت. لە خودای گەورە داواکارم گەلەکەمان لە هەموو جۆرە نەخۆشی و نەهامەتی و کارەسات بەدوور بێت.