سۆران عومەر: هەرێم دەیەوێ موچەی مانگی دوانزە نەدات

  2025-01-03  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق زانیاری نوێ لەسەر دابەشکردنی موچە دەخاتەڕوو دەڵێت، "هەرێم ٣٥ ڕۆژ موچەی مانگی ١٠ و ١١ ی بەبارمتە گرت و دەیەوێ موچەی مانگی دوانزە نەدات!'.

سۆران عومەر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: هەرێم ٣٥ ڕۆژ موچەی مانگی ١٠ و ١١ ی بەبارمتە گرت و دەیەوێ موچەی مانگی دوانزە نەدات، بەبێ هیچ هۆکارێک موچەی مانگی ١٠ یان ١٧ ڕۆژ دواخست و بە ٧ ڕۆژ دابەشیان کرد، موچەی مانگی یانزەشیان ١٨ ڕۆژ دەست بەسەرا گرت و بڕیارە بە ٤ ڕۆژ دابەشی بکەن! 

دەشڵێت: لە ١/١٢/٢٠٢٤ موچەی مانگی ١٠ هات، وەزارەتی دارایی هەرێم  ١٧ ڕۆژ دەستی بەسەرداگرت و بە ٧ ڕۆژیش دابەشی کرد، لەم ١٧ ڕۆژەدا خەریکی کات کوشتن و سەرقاڵکردنی موچەخۆران بوون بەناڕاست!

ئاماژەی بەوەشداوە: ئەو ڕۆژەی کە موچەی مانگی ١١ هات لە ١٧/١٢/٢٠٢٤ ئەوکات دەستی بەدابەشکردنی موچەی مانگی ١٠ کرد بەڵام بە ٧ ڕۆژ دابەشیان کرد، موچەی مانگی ١١ لە ١٧/١٢/٢٠٢٤ کە گەشتە هەرێم ١٨ ڕۆژ دەستیان بەسەر ئەم موچەشدا گرتووە، بڕیارە لە ٥/١/٢٠٢٤ بە چوار ڕۆژ دابەشی بکەن، ئەمە جگە لەبەبارمتە گرتنی موچەو برسیکردنی خەڵک هیچ بەهانەیەکی نیە.

سۆران عومەر باسی لەوەشکردوە: هەرێم دەیەوێت ئەو ٤٤١ ملیارەی دیکەی بۆ بێت بیخاتە بری پڕکرنەوەی موچەی مانگی ١٠ و ١١ و بڵێ بەغدا موچەی مانگی ١٢ی نەناردوە!

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران هێمای بۆ ئەوەشکردوە: هەرێم وا دەستی بەسەر داهاتی نەوت و ناوخۆدا گرتووە وەزارەتی دارایی دەڵێ بەناچاری لەداهاتی ناوخۆ تەواوکاری موچەی مانگی ١٠ یان داوە! وەک ئەوەی داهاتی ناوخۆ ماڵی باوکیان بێ!


ڕیکلام