ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) بڵاویكردەوە، لە ئەنجامی هێرشێكی فڕۆكە جەنگیەكانی توركیا بۆ سەر ماڵێكی مەدەنی گوندی ئەلمەسرەب لە شاری سیرین لە باشووری کۆبانی سێ ئەندامی یەك خێزان گیانیان لەدەستدا كە دوو منداڵ و باوكیان و پێنج كەسی دیكەش لە هەمان خێزان برینداربوون.
ناوەندنی ڕاگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)، ئەمشەو لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، "فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر، ماڵێکی مەدەنییان گوندی ئەلمەسرەب لە شاری سیرین لە باشووری کۆبانی بۆردومان کرد و کۆمەڵکوژییەکیان ئەنجامدا".
ئاماژەی بەوەشكرد، لەئەنجامی ئەو هێرشەی توركیا، سێ ئەندامی یەك خێزان گیانیان لەدەستدا كە دوو منداڵ و باوكێكە و پێنج کەسی دیکەش برینداربوون" .
هەر لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، هێرشە ئاسمانییەكانی توركیا بۆ سەر ناوچەكانی دەوروبەری كۆبانێ و بەنداوی تشرین بەردەوامە، ئەمەش مەترسی رووخانی بەنداوەكەی زیاتر كردووە كە دەبێتە هۆی دروستبوونی كارەسات بەدرێژایی رووباری فورات، ئەوەش تەنها توركیا لێی بەرپرسیار دەبێت.