بەرپرسی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات سەبارەت بە ڕێککەوتنی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئێران بۆ کڕینی هەزار و 500 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.
فەرهاد شامی، بەرپرسی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، "میدیای تورکیا کە پشتیوانی لە سیاسەتی جینۆسایدی حکومەتەكەی دەکات لە دژی گەلانی ناوچەکە، بەدەست قەیرانێکەوە دەناڵێنێت لە هەڵبەستنی هەواڵی ناڕاستدا، لەوانە بانگەشەی ڕێککەوتنێکی سەیر و ناڕاستی نێوان هێزەکانمان و ئێران دەكات بۆ بەدەستهێنانی هەزار و 500 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان".
ئاماژەی بەوەشكرد، "ئەو هەواڵە درۆیە، بە ئاشکرا هەڵبەستراوە لەلایەن میدیای تورکیاوە بە ئامانجی زیانگەیاندن بە هێزەکانمان و گەلەکەمان، هەروەها بە مەبەستی دروستکردنی کەشوهەوایەکی دوژمنکارانەی لە دژی دۆزی گەلەکەمان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە بیروڕای نێودەوڵەتیدا".
فەرهاد شامی دەشڵێت، "شەڕڤانانمان سوودیان لە ئەزمونی خۆیان لە شەڕی دژی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش وەرگرتوە، لە ماوەی ڕابردوودا کاریان کردوە بۆ پەرەپێدانی توانا سەربازییەکانی خۆیان، لەوانە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە بەرهەمی ئەزمونی پاکی کەسیی خەڵکی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریایە".