هەرێمی كوردستان داوای 13 ترلیۆن دینار بۆ مووچەی ساڵی 2025 دەكات

  2025-01-25  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
شاندی حوکمەتی هەرێمی کوردستان لەکۆبوونەوەی لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق داوای 13 تریلیۆن دیناری کردوە بۆ مووچەی فەرمانبەران بۆ ساڵی2025، وەزارەتی دارایی عێراقیش دەلێت، لەسەر بنەمای داتاکان و دوای وردبینی مووچەی ساڵی 2025 مانگانە پارەدار دەکەین

بڕیارە لیژنەی تەکنیکی ھەردوو وەزارەتی دارایی ھەرێمی کوردستان و عێراق، تا 26ی مانگ، ئامادەکارییەکان تەواو بکەن و سەرجەم ژمارە و داتاکان بخەنە بەردەم وەفدی باڵای حکومەتی ھەرێمی کوردستان و عیراق، کە لە بەغدا کۆدەبنەوە.

سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، کە ئاگاداری ئامادەکارییەکانە رایەگەیاند: داتا و زانیارییەکان لەبارەی بڕی تەرخانکراوی دارایی مووچەی مووچەخۆران، ژمارەی خانەنشینان، لایەنە تەکنیکییەکانی یوپی ئێن و بایۆمەتری لەخۆدەگرن.

ئاماژەی بەوەشداوە: لیژنە تەکنیکییەکەی ھەرێمی کوردستان داوای کردووە، بۆ ساڵی 2025 بڕی تەرخانکراو بۆ مووچە 13 تریلیۆن دینار بێت، چونکە عێراق زیاتر لە 700  ملیار دینار دەبڕێت بۆ مووچەی خانەنشینی فەرمانبەرانی سەربازی و شارستانی، بە ئامانجی ئەوەی 12 تریلیۆن و 300ملیار دینار بۆ مووچە بمێنێتەوە.

بەوتەی سەرچاوەکە، لە کۆبوونەوەی هەفتەی پێشووی وەفدی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق، پرسی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی شارستانی خراوەتەڕوو، کە زیاتر لە نۆ ساڵە راگیراوە و خەرجی مانگانەی نزیکەی 40ملیار دینارە، بەڵام وەفدی وەزارەتی دارایی عێراق بە وەفدی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان راگەیاندووە، بۆ ساڵی 2025  پارەیان بۆ پلە بەرزکردنەوە نییە ، ئەوەش وایکردووە وەفدە تەکنیکییەکان بەلای ئەم بابەتەدا نەچن.

هەروەها وەزارەتی دارایی عێراق، بە وەفدی هەرێمی کوردستانی راگەیاندووە، لەسەر بنەمای داتاکان و دوای وردبینی مووچەی ساڵی 2025 مانگانە پارەدار دەکەن و رەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرێت و داواشی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە کە داھاتی نانەوتی و تەرازووی پێداچوونەوە لەکاتی خۆیدا بۆ عێراق رەوانە بکەن.