بەیانی ئەمڕۆ بومەلەرزەیەکی بەهێز ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی هەژاند، ناوەندی تۆمارکردنی بوومەکەرزەی ئێران رایگەیاند، "گوڕی بوومەلەرزەکە ٥.١ پلەی رێختەر بووە".
ناوەندی تۆمارکردنی بوومەلەرزەی ئێران لەبارەی بوومەلەرزەکەی بەیانی ئەمڕۆ رایگەیاند: کاژێر ٠٤:٣٢ خولەک بەرەبەیانیی ئەمڕۆ (٠٤:٠٢ خولەک بە کاتی هەولێر)، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٥.١ پلەی رێختەر لە پارێزگاری کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان روویداوە.
ناوەندەکە ئاماژەی بەوەشداوە: بوومەلەرزەکە لە قووڵایی ٨ کیلۆمەتری زەوی روویداوە و ناوەندەکەی شاری قەسری شیرین بووە کە دەکەوێتە سەر سنووری هەرێمی کوردستان.
بەهۆی بەهێزی گوڕی بومەلەرزەکەوە، لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، بەیانی ئەمڕۆ هاوڵاتیان هەستیان بە بوومەلەرزە کردوە و لەهەندێک ناوچەی سنوری گەرمیان خەڵکی بۆ پاراستنی گیانیان لە ماڵەکانیان هاتنە دەرەوە
مانگی سووری پارێزگای کرماشان رایگەیاند، دوو تیمی پشکنین و فریاکەوتنیان بۆ شوێنی بوومەلەرزەکە ناردووە بۆ ئەوەی قەبارەی زیانەکان دەستنیشان بکەن و لە کاتی پێویستدا یارمەتیی پێشکێش بە خەڵک بکەن.