كوردەكانی حەلەب لەگەڵ دەسەڵاتدارانی دیمەشق ڕێککەوتن

  2025-04-01  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەمەبەستی گەیشتن بە چارەسەری ئاشتیانەی نێوان دانیشتوانی گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە لە پارێزگای حەلەب و دەستەبەرکردنی پێکەوەژیان و بەئامانجی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان هەسەدە و دەسەڵاتدارانی دیمەشق، ڕێککەوتنێکی 14 خاڵی لەنێوان ئەنجومەنی مەدەنی هەردوو گەڕەکەکە لەگەڵ لیژنەی دەسەڵاتی نوێی سوریا ئەنجامدرا.

ئاژانسی هەواڵی هاوار بڵاویکردەوە، لەسەر بنەمای بەرەوپێشبردنی پێکەوەژیان و پاراستنی ئاشتی مەدەنی و گەیشتن بە ئامانجەکانی شۆڕشی سوریا کە کۆدەنگی لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی گەلی سوریا باشترین ڕێگایە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئاستەنگەکانی ئێستا رێككەوتنەكە لەنێوان دانیشتوانی گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە، كە زۆرینەیان كوردن، لەگەڵ دەسەڵاتدارانی دیمەشق ئەنجام دراوە.

وتیشی، رێككەوتنەكەی نێوان هەردوو گەڕەكە لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی رێككەوتنی نێوان هەسەدە و دەسەڵاتی نوێی دیمەشقە و لە 14 خاڵ پێكهاتوە كە گرنگترینیان پێكهاتوە لە:

هەردوو گەڕەكی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە کە زۆرینەی کورد نیشتەجێن، لە ڕوی کارگێڕییەوە سەر بە شاری حەلەبن، بەگەڕەکی شاری حەلەب دادەنرێن، بڕگەکانی ئەم ڕێککەوتنە کاتییە جێبەجێ دەکرێن تا ئەوکاتەی لیژنە ناوەندییە هاوبەشەکان لەسەر چارەسەری هەمیشەیی ڕێکدەکەون.


هەروەها، وەزارەتی ناوخۆ بە هاوکاری هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بەرپرسیارە لە پاراستنی دانیشتوانی ئەو دو گەڕەکە و ڕێگریکردن لە هەر جۆرە دەستدرێژی و هەراسانکردنێک بەرامبەریان، هەروەها بۆ پاراستنی ئارامی و سەلامەتی خەڵکی سڤیل، خۆپیشاندانی لەو دو گەڕەکە قەدەغەیە و هەڵگرتنی چەک سنوردارە و تایبەتە بەهێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە هەردو گەڕەکەکەدا.


ئاماژە بەوەشکراوە، تا ئەوکاتەی ئاسایش و سەقامگیری بۆ هەردو گەڕەکەکە دەگەڕێتەوە، تەنها بەربەستە زەمینییەکان لەسەر ڕێگا گشتیەکان لادەبرێن، بەڵام بەربەستە سەرەکییەکان دەمێننەوە و لەلایەن دوو ناوەندی ئاسایشی ناوخۆوە كارەكانیان رێكدەخرێن، ئەو هێزە سەربازییەکان لەو گەڕەكانە جێگیركراون، دەكشێنەوە بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی فورات.


هەروەها، بۆ ئاسانکاری هاتوچۆ لە نێوان شاری حەلەب و ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، لیژنەیەکی هەماهەنگی پێکدەهێنرێت لەگەڵ گەڕاندنەوەی ئازادی هاتوچۆ بۆ دانیشتوانی هەردو گەڕەكەكە، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنە لە هەردو گەڕەکەکە پێکدەهێنرێت بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە.


لەرێككەوتنەكەدا هاتوە، پاککردنەوەی زیندانەکان لەلایەن هەردوو لایەنەوە لە پارێزگای حەلەب، ئاڵوگۆڕکردنی هەموو ئەو زیندانیانەی دوای ڕزگاربون بە دیل گیراونەتەوە، لەگەڵ دادگایی کردنی هەر کەسێک کە پێش ڕێککەوتنەکە داواکراو بوبێت.


بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بەدانیشتوانی هەردوو گەڕەك بەبێ جیاوازی لەگەڵ گەڕەكەكانی دیكەی حەلەب، رێككەوتنی نێوان گەڕەكە كوردیەكان لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی دیمەشق رونیكردوەتەوە،  دامەزراوەكان گەڕەكەكان لەگەڵ دامەزراوەكانی دیکە کاردەکەن لەگەڵ پاراستنی دامەزراوە خزمەتگوزاری و کارگێڕی و پەروەردەیی و شارەوانییەکان و ئەنجومەنە ناوخۆییەکانی ئێستا لە هەردو گەڕەکەکەدا تا ئەو کاتەی لیژنە ناوەندییە هاوبەشەکان لەسەر چارەسەرێکی هەمیشەیی رێکدەکەون.

ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە، گەڕەکەکان مافی نوێنەرایەتی تەواو و دادپەروەرانەیان پێدەدرێت لە ئەنجومەنی پارێزگای حەلەب و هەروەها لە ژورەکانی بازرگانی و پیشەسازی و سەرجەم بوارەکانی تر بەپێی یاساکانی حوکمڕانی.