سودانی بۆ پزیشكیان: ئەو هەڕەشانە رەتدەکەینەوە کە رووبەڕووى ئێران دەبنەوە

  2025-04-01  | 
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بە بۆنەی جەژنی ڕەمەزانەوە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگه‌ڵ مەسعود پزیشكیان، سەرۆککۆماری ئێران پێگەیشت.

به‌گوێره‌ی ڕاگه‌یه‌ندراوی نوسینگه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، محەمەد شیاع سودانی ئەمڕۆ سێشەممە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە سەرۆککۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بەبۆنەی جەژنی ڕەمەزانەوە پێگەیشت، لە پەیوەندییەکەدا پیرۆزبایی ئاڵوگۆڕ کرا و جەخت کرایەوە لەسەر هەماهەنگی نێوان وڵاتانی جیهانی ئیسلامی، لە ڕوبەڕوبونەوەی ئاستەنگ و مەترسییەکان لەپێناو بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری بۆ هەموو وڵاتانی ئیسلامی.

سودانی لە میانەی پەیوەندییەکەدا جەختی کردەوە لەسەر ئەوە کە عێراق هەڕەشەکانی سەر کۆماری ئیسلامی ئێران ڕەتدەکاتەوە و پابەندبونی بە ئاسایش و سەقامگیریی دوپاتکردەوە.

 له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوه‌، هەردوولا جەختیان کردەوە  لەسەر گرنگی بەهێزکردنی هاوکاری دوو لایەنە لە بوارە جیاوازەکاندا، بەشێوەیەک لە بەرژەوەندی هەردوو وڵات و گەلەکانیاندا بێت.