راگەیەندراوی کۆتایی سێیەمین کۆنفرانسی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان لە گردی زەرگەتە

  2025-04-05  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانی باڵی گردەکە، كۆنفڕانسی نیشتمانی خۆی له‌ گردی زه‌رگه‌ته‌ی شاری سلێمانی ئه‌نجامدا، و لە راگەیەندراوی کۆتایی کۆنفرانسەکەدا هاتووە، "لە ئەمڕۆوە ئەرکی گەورەی نیشتیمانی، سیاسی، دیموکراتی و رێکخراوەی ئەکەوێتە ئەستۆی هەمووان".

دەقی راگەیەندراوی کۆتایی سێیەمین کۆنفرانسی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان- گردی زەرگەتە..

رۆژی شەممە، 5ـی 4ـی 2025، لە شاری سلێمانی لە هۆڵی زەرگەتە سێیەمین کۆنفرانسی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان لەژێر دروشمی ''هاونیشتیمانی، دەستور، دیموکراسی'' بەسترا. کۆنگرە بەپێی کارنامەیەکی رێکخراو دەستی بە کارەکانی کرد.

لە دەستپێکدا وتاری لیژنەی باڵای سێیەمین کۆنفرانسی نیشتیمانی پێشکەش کرا و تێیدا ئاماژە بە پێداویستیە قانونیەکانی کۆنفرانس و ئاڵنگارییەکانی چەند ساڵی رابردوو درا بوو. دواتر وتاری بزوتنەوەی گۆڕان پێشکەش کرا. سەرەڕای باس کردن لە قەیرانەکان، ستراتیژی نوێ و میکانیزمی کار کردن ئاماژەی پێدرا بوو.

پاشان بە گوێرەی دەستوری ناوخۆی گۆڕان دەستەی بەڕێوەبردنی سێیەمین کۆنفرانسی نیشتیمانی دیاریکران. پەسەندکردنی بەرنامەی سیاسی، دەستوری ناوخۆ، هەڵبژاردنی ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی، راپۆرتی دروشم و لۆگۆ، راپۆرتی پلاتفۆرمی هەڵبژاردن، راپۆرتی هەڵسەنگاندی ئەدائی نوێنەرانی حکومەت و ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەکان و راپۆرتی هەڵسەنگاندنی ئەدائی جڤاتی نیشتیمانی جێبەجێ کران.

بەرنامەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان وەک خۆی پەسەندکرا. دەستوری ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕان چەند گۆڕانکارییەکی تێدا ئەنجام درا کە مەرجی قانونی فەرمانگەی پارت و رێکخراوە سیاسیەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بوون بۆ بزوتنەوەی گۆڕان.

هەڵبژاردنی ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی بە شێوەی لیست و بە دەنگدانی ئاشکرا بە سەرکەوتووی ئەنجام درا. راپۆرتی سەرجەم لیژنەکانی دیکەش پەسەند کران.

سەرکەوتنی سێیەمین کۆنفرانسی نیشتیمانی لە هاونیشتیمانیان و گۆڕانخوازان پیرۆز بێت. لە ئەمڕۆوە ئەرکی گەورەی نیشتیمانی، سیاسی، دیموکراتی و رێکخراوەی ئەکەوێتە ئەستۆی هەمووان.

بزوتنەوەی گۆڕان

سێیەمین کۆنفرانسی نیشتیمانی

مەکۆی سەرەکی، هۆڵی گردی زەرگەتە

5ـی 4ـی 2025

سلێمانی