رێباز حەملان: وەزیرە کوردەکان لە بەغداد هەڵوێستی کوردانەیان هەبێت

  2025-05-29  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق هۆشداری دەدات و داوا دەکات، "وەزیرە کوردەکان لە بەغداد هەڵوێستی کوردانەیان هەبێت؛ قوتی خەڵک زۆر لە پۆست و پلە گەورەترە "

رێباز حەملان بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، وەزیری دارایی عێراق داردەستێکی سیاسییە، محەمەد شیاع سودانی و (چوارچێوەی هەماهەنگی)و دەوروبەر بۆ مەرامی سیاسی بانگەشەی هەڵبژاردن و فشارکردن لەسەر گەشەسەندن و پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان بەکاریدەهێنن هەرکات بیانەوێت.

ئاماژەی بەوەشداوە، لیستی موچەی مانگی (٥) هیچ کێشەیەکی یاسایی و ئیداری و مالی نیە، ئەم بڕیارەی سەدا سەد سیاسیەو دژی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان، رێز نەگرتنی دەستورو یاسای بودجەو بڕیاری ژمارە (٢٢٤) ی دادگای فیدراڵییە، کە حکومەتی عێراق پابەند دەکات بە پێدانی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و دەرکردنی لە کێشەو ململانێکان.

باسی لەوەشکردوە، سەرەڕای بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی پشکی هەرێمی کوردستان هیچ کاتێک لەلایەن بەغدادەوە بەتەواوی خەرجنەکراوەو تەنها موچەیان خەرجکردووە نەک پشکی هەرێم، بۆ ساڵی ٢٠٢٥ بەس بۆ موچە بری (١١ ترلیۆن و ٥٠٠ ملیار) بۆ هەرێم دانراوەو رێککەوتنی لەسەرکراوە، بەڵام ئەمساڵ تائێستا تەنیا (٣ ترلیۆن و ٨٠٠ ملیار) دینار بۆ موچەی هەرێم خەرجکراوە.

دەشڵێت، ئەوەی ئێستا لەبەغدادەوە دەکرێت راستەوخۆ دژ بە موچەخۆران و فەرمانبەران و هاوڵاتیانی کوردستانە، ئەمە بەشێکە لە فشارە بەردەوامەکانی بەغداد بۆسەر هاوڵاتیان و حکومەتی هەرێمی کوردستان.

رێباز حەملان رووی دەمی دەکاتە بەرپرسانی کورد لە بەغداد و دەڵێت، بۆ روبەرووبونەوەی ئەم فشارانە ئەمڕۆ لە هەمووکات زیاتر پێویستمان بە یەکڕیزی و پێکەوەبوونە لەسەر ماف و شایستە داراییەکانی خۆمان بێینە دەنگ، رەنگی حیزبی و بەرگی ناکۆکی بخەینە لاوە، پێویستە وەزیرە کوردەکان لە بەغداد هەڵوێستی کوردانەیان هەبێت ناوەندەکانی بڕیار و کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بکەنە مەیدانی بەرگریکردن لە مافی موچەخۆران و هاوڵاتیان بە دەنگی بەرز داواکاری گەلەکەیان بگەیەنن، ئەگەر ئەوەشیان پێ ناکرێ، قوت و ژیانی خەڵکی کوردستان زۆر لە پۆست و پلەو پایە گەورەترە .


ڕیکلام