لە گوندێکى سنووری قەزای پێنجوێن بەهۆی تەقینەوەی مینێکی پاشماوەی جەنگەوە، نۆ کرێکار بریندار بوون. بەڕێوەبەری تەندروستیی قەزاکە دەڵێت، سێ لە بریندارەکان دۆخیان باش نەبووە و رەوانەی فریاکەوتنی سلێمانی کراون.
دکتۆر خالید عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری تەندروستیی پێنجوێن دەڵێت، رووداوەکە سەرلەبەیانى ئەمڕۆ لە کێڵگەیەکی کشتوکاڵیی لە گوندى دەشتی کێلو لە پێنجوێن روویداوە.
نۆ بریندارەکە براونەتە نەخۆشخانەی پێنجوێن، ، شەش لە بریندارەکان دۆخیان جێگیرە و بەهۆی سەختیی برینەکانیانەوە سێ کەسیان رەوانەی فریاکەوتنی سلێمانی کراون.
کرێکارەکان سەرقاڵی کۆکردنەوەی بەرهەمی کشتوکاڵیی بوون. بەڕێوەبەری تەندروستیی پێنجوێن وتی، سەرجەمیان خەڵکی سنووری شارەزوور و قەزای سەیدسادقن لە پارێزگای سلێمانی.